هەپەگە ناسنامه‌ی دوو گەریلای ئاشكرا ده‌كات کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە

ئەو دوو گەریلایەی هەپەگە ناسنامەی ئاشکراکردن.
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ناسنامه‌ی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا ده‌كات كه‌ لە شه‌ڕ و پێكدادان له‌ دژی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو دوو گەریلایەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 22ـی حوزەیرانی 2023، لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو. 
 
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن؛ ئیدریس ئەرکۆڵ ناسراو بە ماهیر بینێڤش لەدایکبووی ئیستەنبووڵ و عەلی دەملەخی ناسراو بە ئازاد سێراب لەدایکبووی منبج. 
 
رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە، کوژرانی سەربازێکی سوپای تورکیا و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە ناوچەی زاپ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە 48 کاژێردا هەشت جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی تورکیا.  
 
رۆژی 20ـی مانگ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بە ئەمانجکردنی 14 پێگەی پەکەکەی لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 841 گەریلا و کوژرانی 115 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 63 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 401 گەریلای راگەیاندووە.