دەنگی لایەنەکان لە رۆژی یەکەمی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی ئەو وێستگانە بوون کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کێشەیان هەبوو. رووداو کۆی دەنگی جیاکراوەی نێو ئەو سندووقانە ئاشکرا دەکات.
 
پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوەندی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دهۆک، لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو نوێترین زانیارییان لەبارەی ئەنجامی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان ئاشکراکرد کە بەمشێوەیە بوو: 
 
لە سلێمانی لە کۆی 55 وێستگە 16یان جیاکرانەوە
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی گوتی، "جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە سلێمانی کۆتاییهات، لەکۆی 55 وێستگە دەنگەکانی 16 وێستگە جیاکرانەوە و 37 وێستگە ماونەتەوە بۆ سبەی هەینی ک کاژێر 08:00 بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت."
 
ئەنجامەکانی ئەو 16 وێستگەیە بەپێی ئەو زانیارییانەی دراونەتە پەیامنێری رووداو بەمشێوەیە بووە: یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک 3 هەزار و 751 دەنگی هێناوە، لە دیالە 691 دەنگ، لە سەڵاحەدین 210، لە نەینەوا  167 دەنگ. دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەمشێوەیە بووەن، لە پارێزگای کەرکووک 4 دەنگ، دیالە و سەڵاحەدین و نەینەوا هیچ دەنگێکی نەبووە، پارتی چاوی لەوەیە دەنگەکانی لەو وێستگانەی ماونەتەوە زیاد ببن، دەنگەکانی نەوەی نەوێ لەو 16 وێستگەیە 103 دەنگ بووە کە تەنیا لە کەرکووک بەدەستی هێناوە و لە سێ پارێزگاکەی دیکە بەشداری نەکردبوو، دەنگی پووچەڵیش لەو وێستگانە 642 دەنگ بوون."
 
ئەمڕۆ یەک سکاڵا هەبووە و نەوەی نوێ تۆماریکردووە و تێیدا سکاڵای لەسەر ئەوەکردووە کە بۆچی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت هەمان رۆژ جیانەکراونەتەوە. ئەرکان عەلی، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جیاکردنەوەی دەنگدان بە ئامادەبوونی بەشێک لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و میدیا و چاودێران بووە.
 
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەی لقی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "لە کاژێر 08:00ـەوە ناوەندی وردبینی کراونەتەوە، ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی 16 وێستگە تەواو بوون و وێنەی ئەنجامەکانمان هەڵواسیون بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان بیبینن، ئەنجامەکانی ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی هاوتا بوون." 
 
گوتیشی، "هیچ رۆژێک بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دیارینەکراوە، بۆ ئەوەی شەفافییەت زیاتر بڕەخسێت لەلایەن دوو تیمی کۆمیسیۆنەوە دوو جار ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست دەکرێت، ئەوەش پڕۆسەکەی خاوکردووەتەوە."
 
ئەرکان عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، 21 هەزار دەنگ لەو 55 وێستگەیە هەن، بڕیارە سبەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانیان تەواوبکرێت.
 
 
لە سندووقەکانی هەولێر، پارتی لە نەینەوا و کەرکووک یەکەمە
 
رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر، لە ناوەندی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگی وێستگەکان، گوتی، "ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ناوەندی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەولێر لەرێگەی هەشت تیمەوەیە و هەر تیمێک لە پێنج کارمەند پێکدێت، لە کۆی 35 سندووقی هێزە ئەمنییەکان، 17 سندووق یەکلایی کراونەتەوە و ئەمڕۆ ژمارەیەک سندووق تەواو دەکرێت."
 
گوتیشی، "لەکۆی ئەو 17 سندووقەی یەکلایی بوونەتەوە و دەنگەکان بە دەستی هەژمارکراونەتەوە لە سندووقەکانی تایبەت بە پارێزگای کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان 1711 دەنگی هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 819 دەنگ و نەوەی نوێ 99 دەنگ، هەرچی پەیوەستە بە پارێزگای نەینەواوە پارتی دیموکراتی کوردستان 1551 دەنگی هێناوە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 616 دەنگی هێناوە." 
 
هەروەها گوتی پارتی چاوەڕوان دەکات کورسییەکانی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بکاتە پێنج کورسی و یەکێتیش چاوی لەوەیە کورسییەکانی لە کەرکووک زیادبکات.
 
کۆی ئەو دەنگانەی لەو سندووقانە هەبوون وەکو پەیامنێری رووداو دەیڵێت، "6 هەزار و 800 دەنگ دەبێت، لەو ژمارەیە 868 دەنگیان پووچەڵن کە 12.7% دەکات، ئەوەش بەشێکیان هەڵەیان کردووە لە دانانی مۆری قەڵەمی کۆمیسیۆن و بەشێکیشیان ئەو دەنگدەرانەن کە خۆیان کاخەزەکەیان پووچەڵکردووەتەوە."
 
باسی ئەوەشیکرد کە ژمارەیەک لیستی عەرەبی و کۆتاکانیش ژمارەیەک دەنگیان هێناوە لەنێوان 10 بۆ 20 دەنگ دەبێت و ناگاتە دەنگەکانی پارتی و یەکێتی کە یەکەم و دووەمن لەو سندووقانە.
 
 
رێژەی 40%ـی جیاکردنەوە و هەژماردنی دەنگەکان تەواو بوون
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک لەبارەی پڕۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی وێستگەکانی دەنگدان لە ناوەندی جیاکردنەوەی کەرکووکەوە گوتی، "لە بەیانییەوە تاوەکو ئێستا 31 سندووقی دەنگدان بەدەستی جیاکراونەتەوە."
 
سەبارەت بە دەنگەکانیش گوتی، "هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە 1059 دەنگی هەبووە، پارتی 90 دەنگی هەبووە، هاوپەیمانی عەرەبی 512 دەنگ، بەرەی تورکمانی 169 دەنگ، کەرکووکنا 114 دەنگ، قیادە 256 دەنگ، نەوەی نوێ 44 دەنگ، هاوپەیمانی عرووبە 485 دەنگ."
 
لەبارەی دابەشبوونی ئەو دەنگانەوە گوتی، "ئەوەی ئاماژەمان بۆ کرد جگە لە چەند وێستگەکەی قەرەهەنجیر، زیاتر دەنگەکانی وێستگەکانی سنووری ریاز و رەشاد و حەویجەیە کە پێگەی لایەنە عەرەبییەکانی لێیە زیاتر."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "کاژێر 06:00 پرۆسەی جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگدان کۆتایی پێدێت، دوای ئەوەی ئەو 14 وێستگەیەی دیکە کە ماون، واتە ئەمڕۆ 45 وێستگە تەواو دەبێت."
 
یەحیا شەمسەدین، چاودێری بەرەی تورکمانی بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لێرە بووین بۆ پڕۆسەی ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان، 530 سندووق هەژمارکردنەوەیان بۆ کراوە و جیاکراونەتەوە، پڕۆسەکە بەیانیشی ماوە و سبەی تەواو دەبێت."
 
گوتیشی، "تێبینیمان لەبارەی سکاڵا و رێکخستنی دەنگدانەوە هەیە."
 
دادوەر حوسێن عەبدولسادە، سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکانی کەرکووک لەوبارەیەوە گوتی، "سوپاس بۆ خوا 40%ـی کارەکان تەواو بوون و سبەی تەواو دەکرێن، لە بەیانییەوە کاردەکەن تاوەکو 06:00ـی ئێوارە و هەوڵدەدەن تەواو بکرێت."
 
"بە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگدان گۆڕانکاری روودەدات"
 
 
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک، روونیکردەوە، "تاوەکو ئێستا 12 وێستگە ژمارکردن و جیاکردنەوەیان بۆ کراوە، دەنگی یەکێتی و پارتی لەو دوو وێستگەیە زیادیان کردووە، لەو وێستگانە پارتی 2343 دەنگی بەدەستهێناوە، یەکێتی 699 دەنگی بەدەستهێناوە، کارەکان بەردەوامن، کار لەسەر وێستگەی دیکەش دەکرێت و ئەگەری هەیە تاوەکو کاژێر 20:00 بەردەوام بن."
 
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە رووداوی گوت، "ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامن و ئەمشەو شەش وێستگەی دیکەش تەواو دەبێت کە کۆی دەنگەکان ئەوانەی ئەمڕۆ جیاکراونەتەوە 18 وێستگە و سبەی ئەو وێستگانەی دیکە ماون کە 10 وێستگەن تەواو دەکرێن، هەمووی ئەو 28 وێستگەکە دەنگدانی تایبەتن."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تیمەکانیان دوو جار وردبینی بۆ ژمارەکان و شریتی راپۆرتی ئەنجامەکان دەکەن و ئەنجامەکان دەنێرن بۆ بەغدا و پێویستە لە ماوەی 10 رۆژ لە راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدان رابگەیێندرێت.
 
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو رێژەیەی کە ماوە ژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی بۆ بکرێت، گوتی، "گۆڕین بەپێی دەنگدانی تایبەت روودەدات، هەرچەندە ئەوە لەسەر رکابەرایەتی نێوان لایەنەکان دەوەستێت."