رووداو دیجیتاڵ
بایکۆتی سەدرییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هاوپەیمانیی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی کردە براوەی یەکەمی پارێزگای بەغدا.
سوننەکان لە بەغدا خاوەنی 21 کورسین و چاویان لە پۆستی پارێزگاری بەغدایە. لە دوای ساڵی 2003ـوە بەغدا هیچ پارێزگارێکی سوننەی نەبووە. 'کێ دەبێتە پارێزگاری بەغدا؟' ئێستا ئەمە بووەتە پرسیاری هەموو لایەنەکان.
د. عەمار عەزاوی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدووم بە رووداوی گوت: کۆی کوتلە سونییەکان 21 کورسیان بەدەستهێناوە، ئەمە شتێکی کەم نییە، دەتوانن نەخشەی قۆناخی داهاتوو بکێشن، ئەگەر واز لە هەندێک کێشەی لاوەکی نێوانیان بهێنن و روو لە بەرژەوەندی گشتی و جەماوەرەکەیان بکەن، ئەمە شتێکی دوور نییە.
پۆستی پارێزگاری بەغدا، لە دوای ساڵی 2005ـەوە دووجار لە پشکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، یەکجار سەدری و چوارجار بۆ دەوڵەتی یاسا بووە، هەرچەندە براوەی یەکەم لە بەغدا سوننەیە، بەڵام دەوڵەتی یاسا پێیوایە سوننە دەتوانن پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن ببەن.
عائد هیلالی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە رووداوی راگەیاند: پێموانییە ئێستا ئەوە رووبدات، لەوانەیە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا یەکێک بێت لەنێو ماڵی سوننە، پارێزگاریش لەنێو ماڵی شیعە دەبێت.
ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە 58 کورسییەوە کەمکراوەتەوە بۆ 49 کورسی لەگەڵ سێ کورسی کۆتای کوردی فەیلی، مەسیحی و سابیئەکان.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەکاتێكدایە، لە دوای رووخانی بەعسەوە، بەغدا حەوت پارێزگاری بەخۆیەوە بینیوە. لەو ژمارەیە، یەکێکیان تیرۆر کراوە، یەکێکیشیان دەستی لەکار کێشاوەتەوە، چواریان بەهۆی گەندەڵییەوە یان لەکارلادراون یان رایانکردوە بۆ دەرەوەی عێراق. ململانێ نێوخۆییەکان وایکردووە تائێستا هیچ پارێزگارێک چوار ساڵی ئاسایی خۆی تەواو نەکردبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ