پارێزگاری هەولێر: 6000 یەکەی نیشتەجێبوون لە شوێنێکی زۆرباش بۆ کرێنشینان دروست دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەو شەش هەزار یەکە نیشتەجێبوونەی بڕیارە لە هەولێر دروست بکرێت، لەڕێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستان و بە بەرزترین کوالێتى و جوانترین شێواز، لە دوو شوێنى زۆرباشى هەولێر لە نێوان شەقامى 120 مەترى و 150 مەتری دروستدەکرێن.
ئەو قسانەی پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا هات کە رۆژی چوارشەممە، 21-12-2022، لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەکانی پارێزگاکە بۆ دروستکردنی شەش هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان کۆبوونەوەکە کرا.
بەپێی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی پرسی دابینکردنى زەوی و وردەکاریی تەکنیکی و دیزاین و چۆنیەتیى دروستکردن و دەستپێکردنى پڕۆژەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانى و بهڕێوهبهرایەتیی نهخشهدانان و ئاوهدانی ههولێر کرا.
رۆژی 31ـی ئایاری 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە لە زووترین کاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت.
پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەوە رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەکى تایبەت بۆ دەستکردن بە پرۆسەی هەڵاواردن و جیاكردنەوەی ناوى ئەو 59 هەزار هاووڵاتییەی لە سنووری هەولێر پێکهێنرا کە فۆرمى داواکاریی وەرگرتنى یەکەکانیان پڕکردووەتەوە."
هەروەها دەڵێت: "دواتر لە پرۆسەیەکی شەفاف و دادپەروەرانەدا بە شێوازی تیروپشک داواکارانی دەرچوو بۆ وەرگرتنى شەش هەزار یەکەى نیشتەجێبوون دیاری دەکرێن و دەرچووان دەبێت 100% شایستە بن و هەموو ئەو مەرجانەى کە دانراون، بیانگرێتەوە."