سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی، 23-12-2022، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات.
 
رۆژنامەی لا ریپابلیکای ئیتاڵی باس لەوە دەکات، 23ی کانوونی یەکەم، میلۆنی هێزەکانی ئیتاڵیا بەسەردەکاتەوە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراون. 
 
ئیتاڵیا لە ئەیلوولی 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و لەو چوارچێوەیەدا، لە کۆمەڵێک رووەوە یارمەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی داوە. 
 
وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی داعش
 
ئیتاڵیا پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا و سعودیە سەرۆکایەتیی گرووپی دژی دارایی داعش دەکەن کە ئامانج لێی وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی داعش و لەنێوبردنی تۆڕە داراییەکانییەتی. 
 
یارمەتییە داراییەکان
 
ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا 430 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتیی دارایی و قەرز داوەتە عێراق، هەروەها 400 ملیۆن دۆلاری دیکەشی وەک یارمەتی داوەتە سووریا. 
 
ئاژانسی هاوئاهەنگیی گەشەپێدانی ئیتاڵیا ساڵانە بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ پشتیوانی لە بەهێزکردنی کەرتی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بەهێزکردنی ئاساییشی خۆراک و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی سووریا دەکات، بە تایبەتی لە پارێزگای رەققە. 
 
ئیتاڵیا هەروەها ساڵانە 13 ملیۆن یۆرۆ تەرخان دەکات بۆ ئەو پڕۆژانەی کە پشتیوانی لە گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی عێراق دەکەن، بە تایبەتیش بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی ئەوا ناوچانەی کە پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوون. 
 
ئەرکە سەربازییەکان
 
بەگوێرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئیتاڵیا 900 سەرباز و راوێژکاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و بە 84 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگری سەربازی و 11 فڕۆکەی سەربازی و جەنگی بەشداری لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی هاوپەیمانییەکە دەکەن. 
 
مەشق و راهێنان
 
ئەو وڵاتە ئەوروپییە هاوکات یەکێکە لەوانەی کە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات، بە جۆرێک کە تاوەکو ئیستا مەشق و راهێنانی بە 58 هەزار پێشمەرگە، پۆلیس و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
 
لە بەغدا و سنووری پارێزگای کەرکووک، هێزە تایبەتەکانی ئیتاڵیا مەشق و راهێنان بە دژەتیرۆری عێراق و هێزە ئەمنییەکان دەکات. 
 
لە حوزەیرانی 2015 تاوەکو نێوەڕاستی 2020، پۆلیسی نیشتمانیی ئیتاڵیا سەرپەرشتیی مەشق و راهێنانی ئەو پۆلیسانەی کرد کە لە ناوچە رزگارکراوەکان جێگیرکراون، کە بریتیبوون لە:
 
- پۆلیسی نێوخۆ
- پۆلیسی فیدڕالی
- سوات
- پاسەوانی سنوور
- پۆلیسی رێگەی خێرا
- پۆلیسی سەر بە وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان
 
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان
 
ئیتاڵیا هێزێکی تایبەتی هەیە کە لە کوێت جێگیرکراوە و لە رێگەی چوار فڕۆکەوە ئەم ئەرکانەی خوارەوە ئەنجام دەدات:
 
- هەواڵگری و کۆکردنەوەی زانیاری
- شەڕی ئەیلکترۆنی
- بەرەنگاربوونەوەی درۆنەکان
- پڕکردنەوەی سووتەمەنیی فڕۆکە جەنگییەکان لە ئاسمانەوە
- گواستنەوەی سەربازەکان
 
پاراستنی سامانی کولتووری
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە هەولێر و بەغدا گرووپێکی پۆلیسی نیشتمانیی ئیتاڵیا مەشق و راهێنان بە پۆلیسی هەرێمی کوردستان و عێراق و فەرمانبەران دەدات لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی سامانی کولتووری. بە پێكەوە کارکردن لەگەڵ حکومەتەکانی فیدرالی و هەرێمی کوردستان، پۆلیسی نیشتمانیی ئیتاڵیا هەستاوە بە ئەنجامدانی رووپێوی بۆ ناوچە شوێنەوارییەکان، بەشداریکردن لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە قاچاخچییەتی بە شوێنەوارەکانەوە دەکەن، هەرەوەها بەشداریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی شوێنەوارە دزراوەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ مۆزەخانەی ناسرییە. 
 
لە ساڵی 2003ـەوە، داتابەیسی سامانی کولتووریی دزراوی پۆلیسی نیشتمانیی ئیتاڵیا، وێنە و پێناسەی چوار هەزار پارچە شوێنەواری دزراوی مۆزەخانەی بەغدای تۆمارکردووە.