ئاسایشی سلێمانی: ئەمارەتێکی داعشمان لەناو چاکسازیی گەورانی سلێمانی ئاشکراکرد


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، لەناو چاکسازیی گەورانی سلێمانی 15 کەسیان ئاشکرا کردووە کە "ئەمارەتێکی داعش"یان پێکهێناوە و بە نیازی چەندین پلانی "تیرۆریستی" بوون.
 
لە روونکردنەوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا کە شەوی چوارشەممە، 21-12-2022، بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "ئاسایشی سلێمانی ئەمارەتێكی تیرۆریستانی داعش لە سلێمانی ئاشكرادەكات و ئەمیر و تەواوی رێكخەرەكان و ئەندامەكانی دەستگیردەكرێن و چەند حەشارگەیەكیش دەدۆزنەوە كە بۆ كارە تیرۆریستییەكانیان ئامادەیان كردبوو".
 
بەپێی روونکردنەوەکە، ئەم گرووپە پەیوەندییان بە "كردەوە تیرۆریستیەكەی قەرەداخ"ـەوە هەیە كە "تیرۆریستێك" رووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس بووە و كوژرا.
 
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: "پیلانێكی دیكە پوچەڵكرایەوە كە چەند تیرۆریستێكی هەرە تاوانبار مەرامیان بوو لە هەرێمی كوردستانەوە هەڵبێن، پەیوەست بە رووداوەكەی ئاشداخ لە سەنگاو كوژرانی دوو تیرۆریست ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی پیلانێكی تری لە چەمچەماڵ شكستپێهێنا كە بۆ ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی خۆیان ئامادەكردبوو كە 54 تیرۆریست دەستگیركران و 3 تیرۆریستیش كوژران."
 
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی کە سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری "بەڵگەی دروست"ـی دەستكەوت لەسەر "پێنج پیلانی تیرۆریستانی داعش" كە "مەرامیان بوو، چەند حەشارگە و سەربازگەیەك لە سنووری سلێمانی دروست بكەن و كردەوەی تیرۆریستی لە شارەكانی هەرێمی کوردستان بکەن."
 
لە درێژەی روونکردنەوەکەدا هەروەها هاتووە: "دروستكردنی ئەمارەتی داعش لە گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی" و "هەڵهاتنی ژمارەیەك چەكداری داعش لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە.. رۆشتنی چەند تیرۆریستێك لەناو شارەكانی هەرێمەوە بۆ حەمرین و پەیوەندكردنیان بە چەكدارانی داعشەوە". لەگەڵ "دروستكردنی حەشارگە لە ناوچەی سەنگاو ئەنجامدانی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی."
 
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: "شەوی 4 لەسەر 5-9-2022، تیرۆریستی تاوانبار (بەشدار) لەكاتی گەڕانەوەی لە ناوچە شاخاوییەكانی دووز بۆ سلێمانی لە قەرەداغ لە بازگەی ئاسایش، لەكاتی سۆراخكردنی ناسنامەی و هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی هەڵدێت و رووبەڕووی هێزەكان دەبێتەوە و دوای برینداركردنی ژمارەیەك لە كارمەندانی پۆلیس و ئاسایش و هەڵدانی چوار نارنجۆك و خۆبەدەستەوەنەدانی، كوژرا".
 
بەپێی ئاسایشی سلێمانی: "هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 21-9-2022، تیرۆریست سەعد ئیبراھیم ناسراو بە (ئەبو سەجاد ) بە هاوكاریی هێزە عیراقییەكان لە سەلاحەدین كە پەیوەندی هەبوو لەگەڵ تیرۆریستی كوژراو بەشدار دەستگیركرا".
 
هەروەها "لە رۆژانی 5و 21 -12-2022لە دوو ھەڵمەتدا ھەردوو تیرۆریست (رەوەز ئاوات ) لە شارەزوور و (رێبەر فەرھاد ) لە ناو باڕازی سلێمانی كە بەهەمانشێوە پەیوەندییان بە تیرۆریستیی كوژراو (بەشدار)ـەوە هەبووە و دەستیان لە ئەنجامدانی چەند كردەوەیەک ھەبووە، بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دەستگیركران."
 
هەر پەیوەست بەم كەیسە، بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، 9 تۆمەتباری دیکە دەستگیركراون و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە
 
ئاسایشی سلێمانی زانیاری لەبارەی بەرهەم محەممەد ناسراو بە بەشدار بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "دانیشتووی ناوچەیەكی قەزای سەیدسادقە، بەیعەتی داوە بە تیرۆریستانی داعش و پەیوەندی بەستبوو لەگەڵ هەردوو ویلایەتی (دیالە - كەركووك )، (شیمالی بەغدا) دوای چەندین جار سەردانیكردنی ناوچە شاخاوییەكانی نزیك دووز و زنانە و پەلكانە بە پیلانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە شاخاوییەكانی بەرزنجە، دووكان، شارباژێر چەندین ئەشكەوت و نەفەق و تونێل و سەربازگەیەك بۆ مەشق و راهێنانیان دروست دەكات و ئامادەیان دەكات تاوەکو لەنزیكترین كاتدا چەكدارەكانی داعش بگوازرێنەوە بۆ ئەو سنوورانە و دەست بە ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكانیان بكەن لەناو شارەكاندا، كە دواجار هەموو ئەو حەشارگە و چەك و تەقەمەنییانە دەستی بەسەرداگیرا و روونیش بووە تیرۆریستی كوژراو پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمارەتی داعش لەگرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی هەبووە".
 
بە گوێرەی روونکردنەوەکەی ئاسایش، "بەشدار پێشتریش تۆمەتبار بووە بە تەقەكردن لە هێزە ئەمنییەكانی شارەزوور و بەرزنجە و نانەوەی كێشە لەنێوان عەشیرەتەكانی بێسەری و مۆریاسی و هەستاوە بە سوتاندنی باخ و ماڵ و كوشتنی ئاژەڵەكانیان و دروستكردنی دوبەرەكی لەو ناوچانەدا".
 
سەبارەت بەو تۆڕەی لە چاکسازیی سلێمانی ئاشکرا کراون، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: "بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە و پیلانەكانی ئەمارەتی گرتووخانەی چاكسازیی گەورانی سلێمانی ئاشكراكران كە سەرپەرشتی و داڕێژەری چەندین پیلانی تیرۆریستی بوون لە هەرێم و شارەكانی عێراق كە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیا و مۆبایلی زیرەك و سیمكارتەوە كە بەدەستیان هێنابوو لەناو گرتووخانەوە كاروبارەكانیان رایدەكرد و 15 تیرۆریستی سزادراو بە هاوكاریی ئیدارەی گرتووخانەی چاكسازی گەوران خرانە ژێر چاودێری و لە کاژێری سفردا بە بەڵگەوە دەستگیركرانەوە و شكست بە بەرنامەکانیان هێنرا كە لە خۆڕێكخستنەوە و بەرفراوانكردنی چالاكییەكانیاندا بوون و سەرپەرشتیی ناردنی گەنجانیان دەكرد بۆ ناو تیرۆریستانی داعش".
 
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی ئاسایش، تەواوی تۆڕەکە، "لە سەرەتای دروستبوونی قاعیدە و داعش بەیعەتیان داوە و چەكداری کارا بوون و بەشداربوون لە ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە هەرێمی کورستان و عێراق و ماوەی سزای یاساییان لە تەواوبووندا بوو كە راستەوخۆ لەلایەن تیرۆریستی هەرە تاوانبار (ئەبو مەصعەب ) والی تیرۆریستانی داعش لە عیراق، سەرپەرشتی و ئاراستەكراون."
 
ئاسایشی سلێمانی ناوی سەرجەم ئەندامانی "پێكهاتەی ئەمارەتی تیرۆریستانی داعش" لە گرتووخانەی چاكسازیی گەورانی سلێمانی بڵاوکردووەتەوە کە پێکدێن لە: 
 
- "تیرۆریست" محەمەد عەبدولعزیز الدهلكی ناسراو (ئەبو قتیبە، ئەبو فاتیمە ) ئەمیری ئەمارەت 
- "تیرۆریست" وسام سلطان ناسراو بە (دكتۆر هانی ) جێگری ئەمیری ئەمارەت 
- "تیرۆریست" ئاراس حەكیم لێپرسراوی هۆڵی 6 بلۆكی 1 
- "تیرۆریست" هیوا عەزیز، لێپرسراوی هۆڵی 3 بلۆكی 1 
- "تیرۆریست" ئەحمەد خضیر، لێپرسراوی هۆڵی 6 بلۆكی 1
- "تیرۆریست" دیار مەحمود، لێپرسراوی هۆڵی 4 بلۆكی 1
- "تیرۆریست" موهەنەد سەباح، لێپرسراوی هۆڵی 6 بلۆكی 1 راڕەوی 3 ناسراو بە (ئەبو ھەیمەن) 
- "تیرۆریست" عەمار محەممەد، لێپرسراوی هۆڵی 4 بلۆكی 2 ناسراوە بە (ئەبو ملاک) 
- "تیرۆریست" تەها عەتیە ناسراوە بە (ئەبو یاسین ) لێپرسراوی هۆڵی 11 بلۆكی 1 
- "تیرۆریستان" (رزگار یاوەر، عەمار غائب، قادر نامق، مەنسور محەممەد، ئازاد مەجید، مەحمود عەواد ) وەك جێگرانی لێپرسراوی هۆڵەكان دەستنیشانكراون .
 
جگە لە ئاشکراکردنی تۆڕەکەی گرتووخانەی چاکسازیی گەورانی سلێمانی، ئاسایشی سلێمانی ئاشکرای کردووە: "پیلانێكی دیکەی تیرۆریستانی داعش ئاشكراكرا كە مەرامیان بوو ژمارەیەك چەكداری هەڵهاتوویان كە لە دادگەكانی عێراق داواكراوبوون لە رێگەی هەرێمەوە رەوانەی دەرەوە بكرێن. ئەم پیلانەش پوچەڵكرایەوە و هەریەك لە چەكدارانی تیرۆریستانی داعش (مەسار عەبد، موحسین عەبد، بەكر عەبد و زەید عەبد) كە هەرچواریان برابوون لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان لەكاتی راكردنیاندا لە رۆژی 31-10-2022 دەستگیركران و هەر چوار تیرۆریستە هەرە تاوانبارەكە بەرپرسیار و سەرپەرشتیاری چەندین كردەوە تیرۆریستی بوون". 
 
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی: "پیلانێكی دیکەی تیرۆریستانی داعش ئاشكراكران كە ژمارەیەك تیرۆریست پیلانیان وابوو هەڵبێن بۆ ناو داعش دوای دەستنیشانكردنی ئامانجەكان لە چەند هەڵمەتێكی جیاجیادا لە گەرمیان و سلێمانی بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان هەریەك لە تیرۆریستان (مستەفا كەمال، هەستیار محەمەدئەمین، ئیسماعیل سەفەر، كاویان حەمدان، عومەر عەبدولكەریم و حوسێن یونس) دەستگیركران. 
 
ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەکەیدا باسی لەو حەشارگەیەش کردووە کە شەوی 6 لەسەر 7ی 11ی 2022 لە نزیک گوندی کچان لە شاخی ئاشداخ لە سەنگاو دۆزرایەوە. لە کاتی دۆزینەوەی حەشارگەکە دوو کەس بە ناوەکانی كاوە سەعید و محەمەد عەلی کوژران و ژنێکیش بەناوی (شەیما نەوزاد) بە برینداری دەستگیرکرا. ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "پیلانیان دانابوو حەشارگەیەك دروست بكەن و چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی ئەنجام بدەن و هێرش بكەنە سەر چەند دامەزراوەیەكی گشتی و پەروەردەیی و ئایینی."
 
وەک ئاسایشی سلێمانی باسی کردووە، بەشداربووانی پیلانەکە تەنیا ئەو سێ کەسە نەبوون. لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئاسایش زانیاریی نوێی دەستكەوت لەسەر بوونی چەندین تیرۆریستی تر كە پەیوەستن بەم رووداوە و پیلانیان هەبووە دوای ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكان هیجرەت بكەن و پەیوەندیی بە تیرۆریستە كوژاوەكان بكەن لە ناوچەی سەنگاو، دواتر بەهاوكاری ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی شەوی 9/10-11-2022 ، لە چەند هەڵمەتێكی جیاجیادا لە چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش 16 تیرۆریست بە ناوەکانی (شاخەوان یوسف، محەممەد لەتیف، هەمزە ئیسماعیل، عەبدولباست جەبار، هێمن باھیر، نەوزاد عومەر، بێرون وریا، ئەنەس دارا، دارا جەبار، محەممەد عومەر، محەممەد سالار، محەممەد حەسەن، میر غەفور، ئەیوب نەجمەدین، ئەحمەد محەممەد و زاگرۆس عوسمان ) دەستگیركران و رووبەڕووی دادگە كرانەوە."