زیاتر لە 180 هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد لە شوان، ساڵەیی و بیبانی لە کەرکووک کێشەیان لەسەرە


رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 38 ساڵە زیاتر لە 180 هەزار دۆنم زەویی کورد لە سنووری شوان، ساڵەیی و بیبانی لە پارێزگای کەرکووک خراوەتە لیستی کێشەیەکی قووڵەوە و تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە. هاونیشتمانییەک دوو پەلەوەرخانەی لەسەر ئەو زەوییە دروستکردووە کە تاپۆکەی بە ناوی باپیریەتی، بەڵام حکومەتی عێراق بە زەویی خۆی دەزانێت و مۆڵەتی کارکردنی پێنادات.
 
دیار ئەبوبەکر، خاوەن پەلەوەرخانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر زەوییەکانی من ئیتفا نەبوایە، دەتتوانی لە حکومەت تراکتۆر وەربگریت و لە بانک پارە رابکێشیت تاوەکو پەلەوەرخانە دروست بکەیت، بەڵام لەبەر ئەوەی زەوییەکانی ئێمە ئیتفایە، ئێمە ئەو مافانەمان بە هیچ شێوەیەک نییە."
 
تاوەکو پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، حکومەتی عێراق هەموو پێداویستی و شایستەیەکی کشتوکاڵی بە خاوەن ئەو زەوییانە دەدا، بەڵام پێنج ساڵە وەکو فشارێک بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە، هاوکارییە کشتوکاڵییەکانی لێ بڕیون.
 
یەعقوب ئەحمەد، دانیشتووی گوندی حەسار دەڵێت، "حکومەتی عێراق ئێستا هاوکاریی جووتیاران دەکات و بنەتۆ و گازیان پێدەدات، بەڵام ئەوانەی کە زەوییەکانیان کوژێنراوەتەوە هیچ سوودمەند نین لە حکومەت و تەنانەت گەنم و جۆیەکەشت لێ
وەرناگرێت و نە دەتوانی بە ناوی زەوییەکانەوە تراکتۆر وەربگریت یان کەرەستەیەک تۆمار بکەی."
 
حکومەت بەو زەوییانە دەڵێت "ئیتفا" واتا کوژێنراوە و بە موڵکی وەزارەتی دارایی عێراقی دەزانێت، ئەمە لەکاتێدایە تاپۆی زەوییەکان بە ناوی جووتیارانی کوردەوەیە. 
 
کورد لە پێنج خولی پەرلەمانی عێراق هەوڵی چارەسەکردنی ئەو کێشەیە و هەڵگرتنی بڕیاری "ئیتفا"ی زەوییەکان دەدات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سوودێکی نەبووە.
 
دیلان غەفوور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی گوت، "پێویستە وەرگرتنی گەنم و بەروبوومی کشتوکاڵیی جووتیارانی خاوەن زەویی کوژێنراو بگەڕێتەوە و کارمان لەسەر ئەوە کردووە سەماد و نەوتیش بە جووتیاران بدرێت. تا بەدواداچوونەکانمان تەواو دەبن و پێمان وایە ئێستا نووسراوەکە لە ئەنجوومەنی ئابوورییە بۆئەوەی جێبەجێ بکرێت."
 
ئەو جووتیارە کوردانەی زەوییەکانیان خراوەتە لیستی کوژێنراو، حکومەتی عێراق نە بەرووبوومی کشتوکاڵییان پێدەدات و نە بەرووبوومیشیان لێوەردەگرێت، بۆیە جووتیار کوردەکان ئەمە وەکو گوشارێک دەبینن تاوەکو ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.