مەلا بەختیار: تەنیا کۆنگرە بۆی هەیە بڕیار لە چارەنووسی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بدات


رووداو دیجیتاڵ
  
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، تەنیا كۆنگرە بۆی هەیە بڕیار لە چارەنووسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بدات. دەشڵێت: "كێشەی سەرەكیی یەكێتی چارەسەرنەكردنی نادادپەروەری‌ و قوڵبوونی ناكۆكییەكانیێتی لەگەڵ پارتی ‌و گەڵاڵەنەكردنی پڕۆژەیەكی نوێی هاوپەیمانییە لەم سەردەمەدا.. نەك ئەنجومەنی باڵا."
 
رۆژی چوارشەممە، 21-12-2022، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فەیسبووکی خۆی نووسینێکی بە ناونیشانی "میدالیای خانەنشینی.. یان شەرمەزاری" بڵاوکردووەتەوە تێیدا هێرش دەکاتە سەر ئەو قسانەی لەبارەی نیازەکانی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتییەوە دەکرێن.
 
مەلا بەختیار لە بەشێکی نووسینەکەیدا دەڵێت: "دوو رۆژە، پەیجێكی تایبەتی باس لەوە دەكات گوایە سەرۆكی یەكێتی بەرنامەی هەیە لە پلینیۆمێكدا ئەنجوومەنی باڵای سیاسی خانەنشین بكات‌ و میدالیای رێزلێنانیش بكاتە بەرۆكیان، بەندە هیچ دڵنیا نیم ئەم قسانە راست بن، بەڵام نەكا دووكەڵەكە بێ‌ ئاگری هەندێك كەسانی دەوروبەری سەرۆكی یەكێتی نەبێ‌."
 
مەلا بەختیار پێیوایە، دەبوایە هەواڵەكە بەدرۆ بخرێتەوە، بەڵام دەڵێت: "تائێستا هەواڵەكە وەكو خۆی پەخش دەكرێت و درۆ یان راستییەكەی، ساخنەكراوەتەوە."
 
مەلا بەختیار بە زمانێکی تووند هێرش دەکاتە سەر کۆنگرەی چواری حیزبەکەی و دەڵێت: "لەناو یەكێتیدا تەنیا كۆنگرە بۆی هەیە بڕیار لە چارەنووسی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بدات.. ئەگەر كۆنگرەش بەسترا، یەكەمین ئەركی پێویستە ئەوەبێ‌، چوارەمین كۆنگرە قانگ بدات‌ و چەشنی لاپەڕەیەكی شەرمەزاریی لە ئەرشیفی یەكێتیدا، بلۆكی بكات."
 
دەقی نووسینەکەی مەلا بەختیار:
 
میدالیای خانەنشینی.. یان شەرمەزاری
 
دوو رۆژە، پەیجێكی تایبەتی، باس لەوە دەكات گوایە سەرۆكی یەكێتی بەرنامەی هەیە لە پلینیۆمێكدا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی خانەنشین بكات‌ و میدالیای رێزلێنانیش بكاتە بەرۆكیان.
 
بەندە هیچ دڵنیا نیم ئەم قسانە راست بن، بەڵام نەكا دوكەڵەكە بێ‌ ئاگری هەندێك كەسانی دەوروبەری سەرۆكی یەكێتی نەبێ‌. بەتایبەتی دەبوایە هەواڵەكە بەدرۆ بخرێتەوە، تائێستا هەواڵەكە وەكو خۆی پەخش دەكرێ‌‌ و درۆ یان راستیەكەی، ساغ نەكراوەتەوە.
 
لێرەدا، تەنها بەناوی خۆمەوە رونیدەكەمەوە كەوا:
 
یەكەم: لەناو یەكێتیدا، تەنها كۆنگرە بۆی هەیە بڕیار لە چارەنووسی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بدات.
 
دووەم: ئەگەر كۆنگرە بەسترا، یەكەمین ئەركی پێویستە ئەوەبێ‌، چوارەمین كۆنگرە قانگ بدات ‌و چەشنی لاپەڕەیەكی شەرمەزاریی لە ئەرشیفی یەكێتیدا، بلۆكی بكات.
 
سێهەم: پێش ئەوەی بیر لە ئەنجوومەنی باڵا بكرێتەوە، با بیر لە پاككردنەوەی گەندەڵی ‌و پێشێلكاری لە پرنسیپەكانی حیزبایەتی ‌و غەدركردن لە هەزاران كادر و ئەندام ‌و نووسەر و بێژەری ماندوو، بكرێتەوە.
 
چوارەم: بەداخەوە، رۆژگار وای لێهاتووە، پێوەری حیزبایەتی ‌و خەباتی مێژوویی ‌و شكۆی سەنگەرەكانی سەرخستنی یەكێتی لە هاوكێشەكاندا، هەر هەمووی دەكرێتە قوربانی رق ‌و قۆرخكاریی دەسەڵات ‌و سیاسەتی هەلپەرستی.
 
پێنجەم: كێشەی سەرەكیی یەكێتی، چارەسەرنەكردنی نادادپەروەری ‌و قوڵبوونی ناكۆكییەكانێتی لەگەڵ پارتی‌ و گەڵاڵەنەكردنی پڕۆژەیەكی نوێی هاوپەیمانی لەم سەردەمەدا و لەم بارودۆخەدا و لەم قەیرانانەی كوردستان تێی كەوتووە. نەك ئەنجوومەنی باڵا كە ئەگەر بە گەلێ هۆكارەوە، هۆكارێكی خودی ئەنجوومەنەكەیە كە خراوەتە پەراوێزەوە، لەگەڵ ئەوەشدا.. ئەنجومەنەكە.. تەنها هۆكاری چارەسەربووە، نەك ئەم دۆخەی یەكێتی ‌و كوردستان تێی كەوتووە.
 
لەكۆتاییدا دەڵێم: هەر كەسێك زات بكات پێشنیازی خانەنشینی بۆ ئەنجوومەنی باڵا بكات.. با ناوی خۆی ئاشكرا بكات (نەك بەناوی سەرۆكی یەكێتییەوە درۆ بكەن) هەتا پێناسەكەی.. لە گیرفانی ئاوساویەوە بۆ باقی عەیب ‌و عارەكانی.. بخەینەڕوو!!