ئاسایشی سلێمانی: ئەمساڵ 227 کەس بە تاوانی تیرۆر دەستگیرکراون

21-12-2022
هیدایەت جان
عەمید پشتیوان بەهادین، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی
عەمید پشتیوان بەهادین، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە ساڵی 2022دا بەشی تیرۆر 227 تۆمەتباری دەستگیرکردووە کە لەو ژمارەیە 200 کەسیان خەڵکی سلێمانین." 
 
رۆژی چوارشەممە 21-12-2022، عەمید پشتیوان بەهادین، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری کار و چالاکییەکانی ئەمساڵی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی راگەیاند و گوتی: "نەهێشتنی تیرۆر و دەستگیرکردنی تیرۆریستان کاری لەپێشینەی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بووە و لەو پێناوەدا زیاتر لە 200 تۆمەتبارمان دەستگیر کردووە." 
 
پشتیوان بەهادین گوتی: "بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی - بەشی تیرۆر لەماوەی ساڵی 2022 توانیویەتی 227 تۆمەتبار دەستگیربکات کە 2013یان لە رەگەزی نێر و 14 تۆمەتباریش لە رەگەزی مێ بوون. لەو ژمارەیە 200 کەسیان کوردن و خەڵکی شاری سلێمانین کە هەموویان دادگەیی کراون. 27 کەسەکەی دیکەش رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر." 
 
مادەی هۆشبەر
 
بەشی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئەمساڵ توانیویەتی "80 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر بکات" و دەست بەسەر برێکی زۆری مادەی هۆشبەریشدا بگرێت.
 
پشتیوان بەهادین رایگەیاند: "لەماوەی ساڵی 2022 بەپێی مادەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان 408 کەسمان دەستگیرکردووە کە لەو ژمارەیە 80 کەسیان بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون و 328 کەسیش بەکارهێنەری مادە هۆشبەر بوون. 51 کەسیان بیانی و 357 کەسەکەی دیکە سەرجەمیان کوردن و لەناویاندا 32 کەسیان لە رەگەزی مێن و 376 کەسەکەی دیکە لە رەگەزی نێرن."  
 
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی گوتی: "بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکان لە ماوەی ساڵی 2022 دەستی بەسەر پێنج کیلۆ تریاک و 26 کیلۆ حەشیش و 373 کیلۆ شیشە و شەش کیلۆ هێرۆین و 625 هەزار 500 حەبی ترامادۆڵ دا گرتووە." 
 
بەشی تاوانەکان
 
بە گوتەی عەمید پشتیوان بەهادین، "هۆبەی تاوانی ئاسایشی گشتیی سلێمانی لەماوەی ساڵی 2022 توانیویەتی 909 کەس بە تاوانی جۆراوجۆری وەکو کوشتن، دزی، ساختەکاری، شوێنەوار، رفاندن و بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ، قاچاخچێتی مرۆڤ، سیخوڕیکردن، ئاژاوەگێڕی و شەڕکردن، تەقەکردن و کێشەی کۆمەڵایەتی دەستگیر بکات." 
 
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: "لەو ژمارەیە 857 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون و 52 کەسیشیان لە رەگەزی مێ بوون." 
بەشی بیانی ئاسایشی سلێمانی ژمارەیەک کەسی بیانی "بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی و نیشتەجێبوونی بێ مۆڵەت" دەستگیرکردووە کە ژمارەیان زیاتر لە هەزار کەسە. 
 
عەمید پشتیوان بەهادین دەڵێت: "لەماوەی ساڵی 2022 بەشی بیانییەکانی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بە تاوانەکانی بەزاندنی نایاسایی سنوور و نیشتەجێبوونی بێ مۆڵەت هەزار و 378 کەسیان دەستگیر کردووە و بە فەرمانی دادوەر و نووسراوی فەرمی ئاسایشی سلێمانی رووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی سلێمانی کراونەتەوە." 
 
تیمی بەڵگە و تاوان و K9 
 
تیمی K9 تایبەتە بە پشکنی ئەو شوێن و ئۆتۆمبێلانەی گومانیان لەسەرە و بە گوتەی بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، "لەماوەی ساڵی 2022 توانیویانە سێ هەزار و 432 پشکنین بکەن و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و مادەی هۆشبەریان دۆزیوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە." 
 
لەبارەی چالاکییەکانی تیمی بەڵگە و تاوانی ئاسایشی سلێمانی، عەمید پشتیوان بەهادین رایگەیاند: "لەماوەی ساڵی 2022 بەشی بەڵگە و تاوان 124 پشکنینی بۆ شوێنی تاوان ئەنجامداوە." 
 
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت: "تیمەکانی ئاسایش لەماوەی ساڵی 2022 توانیویانە دەست بەسەر شەش هەزار و 904 دەرزی، هەزار و 480 پاکەت دەرمان، 20 تۆن دەرمانی مێروو و 67 سەتڵ دەرمانی لەشجوانی بگرێت کە هەوڵدراوە لە رێگەی قاچاخەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن." 
 
لیژنەی ئەمنی سلێمانی پێکهاتووە لە تیمە هاوبەشەکانی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی. عەمید پشتیوان بەهادین دەڵێت: "لەماوەی ئەمساڵدا لیژنەی ئەمنی دەستی بەسەر هەزار و 29 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلدا گرتووە و هاوکات دەستی بەسەر 752 پارچە چەکی جۆراوجۆردا گرتووە و دەست بەسەر 24 هەزار و 974 فیشەکیشدا گیراوە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە