کوردستان
بەڕێوەچوونی یەکەم رۆژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، وێنە؛ کۆمیسیۆنی باڵای ئامادەکاری چوارەم کۆنگرەی یەکێتی
رووداو- هەولێر
گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، جەعفەر شێخ مستەفا لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی خۆی بۆ ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتی بەربژێر نەکرد.
مەلا یاسین، گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی ئامادە نەبوو لە کۆنگرە بەربژێر بکرێت بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتی، بەهۆی ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەیە.
گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی باسی لەوە کرد، دەسەڵاتی دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بە کۆسرەت رەسوول دراوە، دەتوانێ داوا لە جەعفەر شێخ مستەفا بکات بۆئەوەی ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و دیارنییە ناو براو ئەو پۆستە وەردەگرێت یان نا.
ئێوارەی رۆژی شەممە 21-12-2019 کارەکانی یەکەم رۆژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات. لە کۆنگرەکەدا ئەندامان و سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی هەڵبژێردران. کۆسرەت رەسوول وەک سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی و بەرهەم ساڵح، رێواز فایهق و قوباد تاڵهبانی به ئهندامی سهركردایهتی ئەو حیزبە هەڵبژێردران.
پێشتر مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو، بەشێك لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی فۆڕمی بەربژێربوونیان بۆ ئەنجوومەنی گشتی پڕنەكردووەتەوە و بەنیازی ئەوەن ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی باڵا كە لەلایەن كۆسرەت رەسووڵەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. ئەو بەرپرسانەش بریتین لە: مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم، عەدنان موفتی ، ئەرسەلان بایز، عومەر فەتاح، فوئاد مەعسوم و شێخ جەعفەر مستەفا.
رۆژی یەکەمی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کاژێر 11:00 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێوارەی هەمان رۆژ بەردەوام بوو، بڕیاریشە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەش کارەکانی کۆنگرە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ