کۆسرەت رەسوول بە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی هەڵبژێردرا

21-12-2019
راوچی حەسەن @Rawchihasan
کۆسرەت رەسوول، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی
کۆسرەت رەسوول، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی
نیشانەکردن کۆنگرەی یەکێتی
A+ A-
رووداو - هەولێر

بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوول وەک سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی هەڵبژێردرا. 
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بەزۆرینەی دەنگ، ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی كۆنگرە هەڵبژێردران كە هەشت ئەندامی ئەنجوومەنەكە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشوون و كۆسرەت رەسوول عەلی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەكە دەكات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21-12-2019 کارەکانی یەکەم رۆژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات. بەرهەم ساڵح، رێواز فایه‌ق و قوباد تاڵه‌بانی به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئەو حیزبە هەڵبژێردران.
 
هەر لە کۆنگرەکەدا لیژنەی سەرپەرشتی كۆنگرە هەڵبژێردرا کە پێکهاتوون لە: قادر حەمەجان، ئەرسەلان بایز، دلێر سەید مەجید، مەلا یاسین و پەیمان محەممەد. ئەمە لەکاتێکدایە هیچکام لە بەرپرسانەی یەکێتی خۆیان بۆ هیچ پۆستێک بەربژێر نەکردبوو.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کە بەربژێر بوو بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، لەو پۆستە کشایەوە و لە کۆنگرەکەدا راگەیێندرا. هەروەها مەلا یاسین وەك گوتەبێژی كۆنگرە دەستنیشانكرا.
 
کۆسرەت رەسوول کێیە؟
 
عەبدوڵڵا رەسوول عەلی ناسراو بە (کۆسرەت رەسوول) لە 1-7-1952 لە گوندی شیواشۆكی سەر بە قەزای كۆیە لەدایكبووە. ساڵی 1968 پەیوەندی بە یەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە كردووە. ساڵی 1974 دەبێتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و لە كۆتایی ساڵی 1975 پەیوەندی بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە دەكات و دەبێتە سەرپەرشتیاری رێكخستنی خوێندكاران. 
 
کۆسرەت رەسوول لە ساڵی 1977 ھاوسەرگیری کردووە و دەبێتە خاوەنی شەش کوڕ و یەک کچ، کە دواتر سێ کوڕی شەھید دەبێت. 
 
لە ساڵی 1976 کۆسرەت رەسوول یەکێک بووە لەو کەسانەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانیان لە شاری کەرکووک دامەزراندووە. جمووجۆڵ و چالاکییەکانی لەو کاتەدا بووەتە ھۆی ئەوەی لە ساڵی 1977دا لە لایەن رژێمی بەعسەوە زیندانی بکرێت، یەكێك بووە لەو پێنج ئەندامەی كۆمەڵە كە سەرەڕای ئەشكەنجەیەكی زۆر، بەڵام هیچ نهێنییەكیان نەدركاند.
 
لە ساڵی 1981 بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی رێکخستنەکانی ناوخۆی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و لە ھەمان کاتدا لێپرسراوی رێکخستنە نھێنییەکانی ناوشاری ھەولێر بووە کە چالاکی و جمووجۆڵی سیاسی لەو شارەدا ئەنجامداوە.
 
لە کۆنفرانسی 3ی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە ساڵی 1983، بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردرا و دواتر بوو بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی 1988ـەوە تاوەکو ساڵی 1991 ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە بووە و لێپرسراوی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بووە.
 
لە ساڵی 1984 بووە لێپرسراوی مەڵبەندی 4ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی 1985 بە سەختی برینداردەبێت و دواتر لە ساڵی 1986 دا کە مەڵبەندەکانی 3 و 4 دەکرێن بە یەک مەڵبەند، کۆسرەت رەسوول دەبێتە لێپرسراوی مەڵبەندەکە تاوەکو ساڵی 1988 کە یەکێک بووە لە چالاکترین مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
لە ساڵی 1991 کە نەخشەی راپەڕین داڕێژرا لەلایەن بەرەی کوردستانی کە پێکھاتبوون لە ھەموو ھێزە سیاسییەکانی ئەو کاتی کوردستان، کۆسرەت رەسوول وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سەرپەرشتیکردنی ئازادکردنی شاری ھەولێری پێ سپێردرا.
 
لە راپەڕینی ساڵی 1991، کۆسرەت یەکێک بوو لە دیارترین ئەو سەرکردانەی کە رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە ئازادکردنی شاری کەرکووکدا.
 
لە ساڵی 1991، بووە لێپرسراوی بەرەی کوردستانیی سنووری پارێزگای ھەولێر، ساڵی 1992 بووە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لە ساڵی 1993 تاوەکو ساڵی 1996 دەبێتە سەرۆکی دووەم کابینەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دواتریش بووە (سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان - ئیدارەی سلێمانی) تاوەکو ساڵی 2001.
 
لە ساڵی 2001 بووە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
لە 21-6-2006 کۆسرەت وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت،  لە ئاداری 2012 بۆ جاری دووەم پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانی پێ سپێردرایەوە. کە ھاوکات جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بوو.
 
لە ماوەی دەست بەکاربوونیشی وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەندین سەردانی فەرمی وڵاتانی کردبوو.
 
رۆژی 7-6-2017 لایەنە سییاسییەكانی باشووری كوردستان كۆبوونەوە و بڕیاریاندا گشتپرسی لە 25ی ئەیلوول بەڕێوەبچێت، كۆسرەت رەسوول لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرایەتی یەكێتی دەكرد و پشتیووان و جێبەجێكاری سەرەكی پرۆسەكە بوو، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) گوتی: "بۆ مێژوو دەڵێم: جەنابی كاك كۆسرەت لەو كۆبوونەوەیەدا بە جەنابی سەرۆك بارزانی گوت ئەگەر بە تەنیاش بمێنیتەوە من لەگەڵت دەبم". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە