یەکەم کۆنگرەی یەکێتی پاش تاڵەبانی

18:43

رۆژی یەکەمی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کۆتاییهات

بەڕێوەچوونی رۆژی یەکەمی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی
ئێوارەی رۆژی شەممە کارەکانی یەکەم رۆژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات. لە کۆنگرەکەدا ئەندام و سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی هەڵبژێردران. کۆسرەت رەسوول وەک سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی و بەرهەم ساڵح، رێواز فایه‌ق و قوباد تاڵه‌بانی به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئەو حیزبە هەڵبژێردران.
 
هەر لە کۆنگرەکەدا لیژنەی سەرپەرشتی كۆنگرە هەڵبژێردرا کە پێکهاتوون لە: قادر حەمەجان، ئەرسەلان بایز، دلێر سەید مەجید، مەلا یاسین و پەیمان محەممەد. ئەمە لەکاتێکدایە هیچکام لەم سەرکردانە خۆیان بۆ هیچ پۆستێک بەربژێر نەکردبوو.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کە بەربژێر بوو بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، لەو پۆستە کشایەوە و لە کۆنگرەکەدا راگەیێندرا. 
 
هەروەها مەلا یاسین وەك گوتەبێژی كۆنگرە دەستنیشانكرا.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:04

کۆنگرەی یەکێتی کۆسرەت رەسوولی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی هەڵبژارد

-
بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوول وەک سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەكێتی هەڵبژێردرا. 
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بەزۆرینەی دەنگ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی كۆنگرە هەڵبژێردران كە هەشت ئەندامی ئەنجوومەنەكە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشوون و كۆسرەت رەسوول عەلی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەكە دەكات.
 
ئەمڕۆ شەممە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی لە پاش کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری پێشووی ئەو حیزبە ئەنجامدا و پاشان ئەندام و سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسی هەڵبژارد. 
 
زیاتر بخوێنەوە

17:57

بەرهەم ساڵح و رێواز فایه‌ق و قوباد تاڵه‌بانی به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هەڵبژێردران

-
لە کۆتایی یەکەم رۆژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەریەکە لە د. به‌رهه‌م ساڵح، د. رێواز فایه‌ق و قوباد تاڵه‌بانی به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هه‌ڵبژێردران. زیاتر بخوێنەوە

16:03

فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ رووداو: لە گوڵ کاڵتریان پێ نەگوتووم

فەرەیدوون عەبدولقادر
فەرەیدوون عەبدولقادر
 
فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند "هیچ کێشەیەک لە نێو کۆنگرەی یەکێتی رووینەداوە، هەموو برایان سڵاو و پێشوازییان کرد و لە گوڵ کاڵتریان پێ نەگوتووم".

 

فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ بەشداری کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کرد و پاش بەشداریکردنی دەنگۆی رەتکردنەوەی لە کۆنگرەی یەکێتی و کردنەدەرەوەی بڵاوبووەوە، بەڵام ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و بەرووداوی گوت "پێشتر بڕیارم وابووە کە بۆ چەند کاژێرێک بەشداری دەکەم و بەشداری گفتوگۆکان ناکەم".

 

زیاتر بخوێنەوە

14:53

پەیامنێری رووداو: بەرهەم ساڵح و فوئاد مەعسوم کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکی یەکێتی دەکەن

هۆڵی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 
هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیارێکی ورد نییە کە سەرۆکی یەکێتی چەند جێگر یان چەند هاوکاری دەبێت و هەر یەکە لە بەرهەم ساڵح و فوئاد مەعسوم رکابەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یەکێتی دەکەن.

 

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی پێنج كەسی کارەکانی کۆنگرە بەڕێوەدەبەن کە لەو کەسانە پێکهاتوون خۆیان بەربژێر نەکردووە بۆ هیچ پۆستێک و پێکهاتوون لە حاکم قادر حەمەجان، ئەرسەلان باییز، مەلا یاسین و هەڤاڵ پەیمان و دلێر سەید مەجید.

 
زیاتر بخوێنەوە

13:58

رێگری لە بەربژێرێكی ئەنجوومەنی گشتیی یەكێتی دەكرێت بەشداری كۆنگرە بكات

دیمەنێک لە کۆنگرەی یەکێتی
 
ئەندامێكی كۆنگرەی یەكێتی ‌و بەربژێری ئەو حیزبە بۆ ئەنجوومەنی گشتی لە سنووری شارەزوور رێگری لێدەكرێت بەشداری كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بكات، هۆكاری ئەوەش "بۆ هەڵوێستی سیاسیی هاوژینەكەی دەگەڕێنێتەوە، كە پێشتر یەكێتی بووە، بەڵام وازی لەو حیزبە هێناوە".
 
مهاباد شێخ محەممەد ئەمین، كە هاوكات بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنە لە  مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر لەسەرەتاوە رێگری بۆ دروستکراوە لەوەی ببێتە ئەندامی كۆنگرە و دەشڵێت "من وەك ژنێك كە ئەندامی مەكتەبی رێكخستن بووم، ژنی دیكەش ركابەرم نەبوو، دەبوو راستەوخۆ ببمە ئەندامی كۆنگرە، بەڵام رێگرییان بۆ دروستكردم كە سكاڵام كرد دواتر وەك قەرەبوویەك لە بەشی 120 ئەندامەكە ی كۆنگرە قەرەبوویان بۆ كردمەوە بوومە ئەندامی كۆنگرە بەفەرمی هەموو كارەكانم جێبەجێكرد".
 
مهاباد شێخ محەممەد ئەمین راشیگەیاند، لە رۆژی هەینی بەفەرمی وەك یەكێك لە بەربژێرەكانی سنووری بازنەی شارەزوور بۆ ئەنجوومەنی گشتی دیاریكراوە ‌و كۆدی ژمارە 17ـی وەرگرتووە، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمانێك نەك رێگریم لێكرا خۆم بەربژێر بكەم، بەڵكو مافی ئەندامێتی كۆنگرەشیان لێسەندمەوە.
 
مهاباد شێخ محەممەد ئەمین، هاوژینی د. فایەق گوڵپی یە كە پێشتر لە ریزەكانی یەكێتی خەباتی كردووە، ئێستاش كاری پزیشكی دەكات ‌و وەك كەسێكی نزیك لە پەكەكە دەناسرێت‌.

 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

13:21

گوتەبێژی کۆمەڵ: پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی باشە

گوتەبێژی کۆمەڵ: پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی باشە
 
رێبوار حەمەد، گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامیی رایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتی باشە و هیوادارن کارەکانی ببێتە مایەی دەستپێکی پرۆسەیەکی سیاسی دروست لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی دیکەی کوردستان. 
 
گوتەبێژی کۆمەڵ ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنگرەی هەر حیزبێک کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی لە کوردستان هەیە و هەر هێزێکی سیاسیش بە قەبارەی خۆی کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە. بۆیە هیوادارین کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ببەستن.
 
گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان راشیگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتیدا باشن و هیوادارن دوای کۆنگرە زیاتر پەیوەندییەکانیان بەرەوپێش ببەن و بۆ ئەو مەبەستەش چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە.
زیاتر بخوێنەوە

12:20

بڵێسە جەبار فەرمان: بە گیانێکی هەڤاڵانە یەکێتی نوێدەکەینەوە

 
 
بڵێسە جەبار فەرمان،  ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، بەهەموومانەوە دەمانەوێت یەکێتی بەو شێوەیەی دەمانەوێت نوێی بکەینەوە. 
 
لەبارەی زیادکردنی رێژەی ژنانیش، بڵێسە جەبار فەرمان گوتی رێژەکە هەرچەندە بێت کۆنگرە بڕیاری لێدەدات. 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

11:57

کۆسرەت رەسوول: داوا دەکەم لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسیتان بکەنەوە

کۆسرەت رەسوول
 
 
کۆسرەت رەسوول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "وەک مام جەلال گوتی سەفین لەبن بێت یەکێتی لەبن نایەت و داوا لە هەموو لایەکتان دەکەم لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسیتاندا بکەنەوە". 
 
کۆسرەت رەسوول راشیگەیاند "ئایندەی یەکێتی لە ئەستۆی ئێوەیە و ئەمانەتی شەهیدانە، ئەوە دەستە گوڵەکەی مام جەلالە چاوەڕوانی ئێوەن، لە یەکێتی هەموومان تەواوکەری یەکدین و کەس لە کەسی دیکە زیاتر نییە لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".  
 
زیاتر بخوێنەوە

11:29

کۆنگرەی یەکێتی دەستپێدەکات

 

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە بەشداری هەزار ئەندام لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە تاسڵوجە دەستیپێکرد. 

 
زیاتر بخوێنەوە

11:26

فەرەیدوون عەبدولقادر: سبەینێ هەڵبژاردن بۆ زۆربەی پۆستەکان دەکرێت

 
 
فەرەیدوون عەبدولقادر، سیاسەتڤان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند "باوەڕناکەم ئەمڕۆ هەڵبژاردن بۆ پۆستەکان بکرێت، تاوەکو دوێنێ دەنگۆ لەسەر ئەوە هەبوو د. بەرهەم پۆستی سەرۆکی یەکێتی وەربگرێت، بەڵام دۆخی یەکێتی لە سەعاتدا دەگۆڕێت، بۆیە دەکرێت هەر کەسێکی دیکە بێت". 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:20

پەیامنێری رووداو: پۆستەکانی بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوول یەکلابوونەتەوە

پەیامنێری رووداو: پۆستەکانی بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوول یەکلابوونەتەوە
 
هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، میوانەکانی کۆنگرە هەموویان چوونەتە هۆڵی کۆنگرە و کۆنگرە بە گوتاری کۆسرەت رەسوول، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی دەستپێدەکات. 
 
هەردوو جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بەربژێرن بۆ دوو پۆستی باڵای یەکێتی کە یەکەمیان پۆستی سکرتێری گشتی یان سەرۆکی یەکێتییە و لەلایەن بەرهەم ساڵح وەردەگیرێت و پۆستی دووەمیش سەرۆکی ئەنجوومەنی دانایانە و کۆسرەت رەسوول بەربژێرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. 
 
سەبارەت بە بەربژێری بازنەی کەرکووک، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، رەفعەت عەبدوڵڵا تاکە بەربژێرە بۆ جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی.
 
هەر لە کۆنگرەی ئەمڕۆ 121 کەسەکەی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن و دوای هەڵبژاردنی ئەو 121 کەسەش کاری هەزار ئەندامەکەی کۆنگرە تەواو دەبێت و هەوڵەکانیش بۆ ئەوەیە ئەو کەسانە کاری هەزار ئەندامەکەی یەکێتی بکەن.
زیاتر بخوێنەوە

10:30

مەحموود سەنگاوی: بەشێك لە مەكتەبی سیاسی فۆڕمی بەربژێربوونیان بۆ ئەنجوومەنی گشتی پڕنەكردووەتەوە

مەحموود سەنگاوی: بەشێك لە مەكتەبی سیاسی فۆڕمی بەربژێربوونیان بۆ ئەنجوومەنی گشتی پڕنەكردووەتەوە
 
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رایگەیاند، بەشێكی بەرپرسانی باڵای حیزبەكەی فۆڕمی بەربژێربوونیان بۆ ئەنجوومەنی گشتی پڕنەكردووەتەوە و نیازیان وایە ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی باڵا.
 
مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێك لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی فۆڕمی بەربژێربوونیان بۆ ئەنجوومەنی گشتی پڕنەكردووەتەوە و بەنیازی ئەوەن ببنە ئەندامی  ئەنجوومەنی سیاسیی باڵا كە لەلایەن كۆسرەت رەسووڵەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. ئەو بەرپرسانەش بریتین لە: مەلا بەختیار، هێرۆ ئیبراهیم، عەدنان موفتی ، ئەرسەلان بایز، عومەر فەتاح، فوئاد مەعسوم و شێخ جەعفەر مستەفا.
 
مەحموود سەنگاوی ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر بازنەی خانەقین فۆڕمی بەربژێربوونی بۆ ئەنجوومەنی گشتی پڕكردووەتەوە ‌و لەبارەی هۆكارەكەشیەوە گوتی "ماوەیەكی زۆرە لەو سنوورە كاردەكەم، تەنانەت نزیكبوو لەسەر خانەقین شەهیدیش ببم، بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم لەو سنوورە خۆم هەڵبژێرم".
 
زیاتر بخوێنەوە

10:25

مێژووی کۆنگرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

مێژووی کۆنگرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ کۆنگرەی بەستووە کە لە هەرسێ کۆنگرەکەدا جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە هەڵبژێردرا.

کۆنگرەی یەکەم 

28-1-1992

کۆنگرەی دووەم

30-1-2001 

کۆنگرەی سێیەم

1-5-2010
زیاتر بخوێنەوە

10:12

سالار مەحموود: بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆک یان سکرتێری گشتیی وەردەگرێت

سالار مەحموود: بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆک یان سکرتێری گشتیی وەردەگرێت
ئەمڕۆ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراقیش رایدەگەیێنێت، بەرهەم ساڵح بەشداری کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی دەکات و پۆستی سەرۆک یان سکرتێری گشتیی یەکێتی وەردەگرێت. 
 
سالار مەحموود، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق لەمیانی بەشداریکردن لە بڕگەی چاو بە چاوی نووڕۆژی دۆستان ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی بەشدار دەبن لە کۆنگرە و بەشێک لەوانەیە خۆیان بەربژێر نەکەنەوە. 
 
لە کۆنگرەی ئەمجارە، بە گوتەی سالار مەحموود، هەمووان کۆکن لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەکێتی و کۆدەنگیش هەیە بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح ئەو پۆستە وەربگرێت. 
 
لەبارەی هەیکەلیەت و پەیڕەوی نوێی یەکێتی راوێژکاری سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، هەیکەلیەتی نوێ بۆ کەمکردنەوەی فرە ئۆرگانییە و بەشێوەیەکە کار بۆ ئەوە دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان کادیران و سەرۆکەکان و بەرپرسان لێک نزیک بکرێنەوە. 
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئاستەنگە یاساییەکانی بەردەم کۆنگرە، سالار مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، کێشەکە بۆ ئەوانەی پلەی سەربازییان هەیە لە کوردستان چارەسەر کراون، بەڵام ئەو هێزانەی سەر بە عێراقن، یان دەبێت لایەنە حیزبییەکە هەڵبگرن یان دەست لە پۆستە حکومییەکە. ئەوانەی عێراق دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام ناتوانن خۆیان بۆ هیچ پۆستێک بەربژێر بکەن. 
 
راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق باسی لەوەشکرد، "دەبێت هەموومان کار بۆ ئەوە بکەین ئازادی زیاتر لەنێو یەکێتی دابین بکەین و کادیری ئازادتر پێبگەیێنین تاوەکو چینەکان کە ئێستا بۆ دوو چین دابەشبوونە ئەوانیش چینی باڵا و چینی خوارەوەیە، لەنێو حیزبەکە نەهێڵین". 
زیاتر بخوێنەوە

10:03

مێژووی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئاڵای یەکێتی
 
 
لە 22ـی ئایاری ساڵی 1975 لە (سووریا) لە گەڕەکی ئەبوو روومانەی دیمەشق یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی هەریەک لە جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، د. فوئاد مەعسووم، د. کمال فوئاد، عادل مراد و عەبدولرەزاق فەیلی ئەنجامدرا و پرۆژەی دروستکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەڵاڵە کرا.
 
کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 27ـی ئایاری هەمان ساڵ بە سەرپەرشتی جەلال تاڵەبانی ئەنجامدراو لە رۆژی 1-6-1975 بەفەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندرا.
 
یەکێتی لە یەکگرتنی  سێ رێکخراوی جیاواز دروستبوو، ئەوانیش کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و هەروەها ئەو کەسانەی نە سۆسیالیست و نە کۆمەڵەش بوون پێیان دەگوترا خەتی گشتی. 
 
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1976 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساڵێک دوای دامەزراندنی چەند مەفرەزەیەکی پارتیزانی دروستکردن و دواتر یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی لە کوردستان لە 31-8-1977  بەستراو 12 رۆژی خایاند، لەکۆبوونەوەکە جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتی دیاریکرا.
 
لەمانگی ئاداری 1978 دووەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ رێکخستنی پێشمەرگە- دارایی- دانانی نەخشە و پلان - دروستکردنی ھەشت ھەرێمی جیاواز بەسترا. 
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە شاخ چەندین کۆنفرانسی بەستوون، وەک کۆنفرانسی کۆمەڵە لەساڵی 1983 و 1984 ھەروەھا کۆنفرانسی ھەردوو باڵی نێو یەکێتی - خەتی گشتی و بزووتنەوەی سۆسیالیست دوای جیابوونەوەی بەشێکی بزووتنەوەی سۆسیالیست لەنێو یەکێتی، لەو کۆنفرانسە ھەر دوو باڵەکە یەکیان گرت و ناویان نا یەکێتی شۆڕشگێران. یەکێتی بووە دوو باڵ. یەکێتی شوڕشگێران و کۆمەڵەی رەنجدەران.
 
دوای 17 ساڵ لەدامەزراندنی یەکێتی یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە 28-1-1992 ئەنجامدا. ھەر دوو باڵی کۆمەڵە و یەکێتی شۆڕشگێڕان تووانەوە و بڕیاری یەکخستنی ھەردوو باڵەکە درا و جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە.
 
کۆنگرەی دووەمی یەکێتی لە 30-1-2001  و نۆ ساڵ دوای کۆنگرەی یەکەم لە سلێمانی بەسترا و دیسان مام جەلال وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە، هەروەها دوای نۆ ساڵ لە 1-5-2010  کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسترا و مام جەلال بووەوە سکرتێری گشتی.
 
زیاتر بخوێنەوە