کەشوهەوا رێگرە لەبەردەم خێرا نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر

22-12-2018
فەرهاد دۆڵەمەری
دووکاندارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر گلەییان هەیە
دووکاندارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر گلەییان هەیە
نیشانەکردن لەنگە هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر

پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگە بەهۆی خراپی کەشوهەوا بە سستی بەڕێوەدەچێت، بەرپرسانی پرۆژەکە دەڵێن 40%ـی پرۆژەکانیان لە لەنگە تەواوبووە و 95%ـی هەیکەلی دووکانەکانیش دروستکراونەتەوە.
 

پێش دوو مانگ بازاڕی لەنگەی هەولێر ئاگری گرت و لە کۆی 2400 دووکان، 1650 دووکان سووتان. جەبار یەکەم کەسە، دوای سووتانی بازاڕەکە، دووکانەکەی لەنێو بازاڕی لەنگە دەکاتەوە.

جەبار مستەفا، زێرنگڕە و چەند رۆژێکە کاری نۆژەنکردنەوەی دووکانەکەی کۆتاییهاتووە، ئەو دەڵێ "بەهۆی ئەوەی ئێمە پارەی خەڵکمان لەلایە، دەبێت بەردەوامبین لە کارکردن، بۆیە دوای نۆژەنکردنەوەی دووکانەکەم، کردمەوە". 

بەدرخان محەممەد، دووکاندارێکی دیکەی بازاڕەکە دەڵێ "ئێمە دووکانەکانی خۆمان تەواوکردووە، چاوەڕوانی کارەکانی حکومەتین. بەڵام ئەوان کارەکانیان وەکو پێویست خێرا نییە، چونکە تیمەکانیان کەمن".

ئێستا دروستکردنەوەی هەیکەلی سەرجەم دووکانەکانی بازاڕی لەنگە تەواو بووە و 95%ـی کارەکانی نۆژەنکردنەوەیان تەواو بووە. 

ئارام نەسیم، دووکاندار لەو بازاڕە دەڵێ "کارەکانیان باش ناڕوات و وەستایان کەمە، تاوەکو کۆڵانێک تەواودەبێت، چوار رۆژی پێویستە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت وەستای زیاتر بێنن تاوەکو کارەکان خێرا تەواوبن".

حکومەت بە گوژمەی پێنج ملیار دینار، خەریکی ئەنجامدانی شەش پرۆژەیە لەنێو بازاڕی لەنگە، بەڵام خراپی کەشوهەوا ئاستەنگی بەردەم تەواوبوون و سست بەڕێوەچوونی کارەکانی حکومەتە. 

بۆتان خۆشناو، بەڕێوەبەری شارەوانیی چواری هەولێر دەڵێ "کەشوهەوا لەبارنییە، ئەگەرنا کارەکان باش دەڕۆن، هەموو گرێبەستەکان واژۆکراون بۆ تەواوبوونی پرۆژەکە، ئێمە نامانەوێت کارێکی خێرا بکەین کاریگەری لەسەر کوالێتیی پرۆژەکە هەبێت. دەستکراوە بە پرۆژەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا و سەقیفە".

بڕیار وایە لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو، نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگە تەواو ببێت.

 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە