پارێزگاری کەرکووک: بەهۆی ئەو سەرژمێرییە بەشە بودجەی پارێزگاکەمان زیاد دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
چەند کاژێرێک ماوە قۆناخی سێیەمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان تەواو بێت، پارێزگاری کەرکووکیش داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە، کە بە گوتەی ئەو دەبێتە هۆی زیادبوونی بەشەبودجەی پارێزگاکەی.
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-11-2024) بۆ پرسی سەرژمێری کۆبووەوە، دواتر رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "تاوەکو ئێستا پلانی ئەمنی بەو شێوەیەی داماننابوو، وەکو خۆی جێبەجێ کراوە."
رێبوار تەها، داوای لە خەڵکی کەرکووک کرد لە نێو ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە، چونکە ئەمە کارەکانی بژمێرەکان ئاسان دەکات و پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت لە کەرکووک.
پارێزگاری کەرکووک لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا جەختی کردەوە لەوەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای کەرکووک بە "ملیۆنێک و 350 هەزار کەس هەژمارکراوە، بەڵام بەپێی ئەم سەرژمێرییە بێت، دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس، ئەمەش بەشەبودجە، ژمارەی دامەزراندن و بەشمان لە کارەبای نیشتمانیش زیاد دەکات. هەروەها کاریگەری لەسەر هەموو ئەو بابەتانە دەبێت کە راستەوخۆ پەیوەندیان بە ئابووری و ژیانی خەڵکەوە هەیە.''
سەبارەت بە تۆمارکردنی هاونیشتمانییانی کەرکووک لە سەرژمێری، رێبوار تەها رایگەیاند تاوەکو درەنگی شەوی رابردوو، نزیکەی 72٪ـی دانیشتووانی پارێزگاکە ناویان لە سەرژمێریدا تۆمارکراوە، "ئێستا لە بەیانییەوە پرۆسەکە دەستیپێکردووەتەوە و 80٪ـی تێپەڕاندووە.''
پارێزگاری کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، هەر شوێنێک دانیشتووی لێبێت، تیمەکانی سەرژمێری سەردانی دەکەن، ''ئەگەر شوێنێکیش بە هەر هۆکارێک سەردانی نەکرا، ئەوە ژمارەی پەیوەندی داندراوە و دەتوانن پەیوەندی بکەن، بۆ ئەوەی تیمەکانی سەرژمێری بچنە ئەو شوێنانە و ناویان تۆمار بکەن.''
بەگوتەی رێبوار تەها، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە GPS و نەخشەی سەر تابلێتەکان، دوو گوندی سەر بە ناحیەی لەیلان بۆ سەرژمێری دیاری نەکرابوون، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەرکراوە و تیمەکانی سەرژمێری سەردانیان دەکەن.''
پارێزگاری کەرکووک لەبارەی ناوتۆمارکردنی ئەو کەسانەی شوێنی بنچینەییان کەرکووکە، بەڵام بە هۆکاری جیاجیا ناچار بوون ئەو پارێزگایە جێبهێڵن، گوتی، ''هیچ کەسێک ناتوانێت هاووڵاتییەک بکاتە کەرکووکی ئەگەر خۆی کەرکووکی نەبێت، بەڵگەنامەکانی دەرخەری ئەوە دەبن کە کەرکووکییە یان نا، بەڵگەنامەی من و باوکم دەرخەری ئەوەن من خەڵکی کامە شارم.''
بۆ یەکەمجار لەدواى 37 ساڵ، سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت، رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەم بۆ تۆمارکردنى خێزانەکان دەستنیشانکرابوو و قەدەخەی هاتووچۆی تێدا پیادەکرا و بڕیارە دوای 48 کاژێریش ئەنجامەکانی سەرژمێری لە هەموو عێراق رابگەیەندرێن، جگە لە ناوچەکانی مادەی 140 کە بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئەنجامەکانی سەرژمێرییان راناگەیەندرێن تاوەکو بەراورد نەکرێن بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی ساڵی 1957 و دڵنیابوونەوە لە دروستیی زانیارییەکان بەهۆی دۆخی سیاسی و نەتەوەیی ئەو ناوچانەوە.