رووداو دیجیتاڵ
ئەم خانووانە، نە ماڵە شیعەن نە ماڵە تورکمانن، بەڵکو نووسراوی سەر ئەم دەرگا و دیوارانە لەسەر خانووی هاونیشتمانییانی کورد نووسراون لە گەڕەکی رزگاری لە قەزای خورماتوو، ئومێدیان ئەوە بوو ئەو پارچە نووسراوانە خانووەکان لە دەستی هێزە عێراقییەکان قوتار بکات و نەتەقێندرێنەوە.
گفتوگۆی گەرمی باوک و کوڕێک لە تەنیشت خانووە چۆڵکراوەکەیان سەرنجی راکێشام، لە شاری خۆیان بوونەتە ئاوارە و مەبەستیانە لە سەرژمێری خۆیان تۆمار بکەن.
هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت: "خەڵکێکی زۆر لە کوردانی خوورماتوو گەڕاونەتەوە بۆ ئەم شارە، خەڵک هەیە هاتووەتەوە بۆ سەرژمێری کە 30 ساڵ پێش ئێستا لێرە ئاوارە بووە. کاک هۆرڤان کوردی ئەم شارە زۆر بەغیرەتە، کوردی ئەم شارە نە کوشتن نە پارە نە مەنسەب رایناگرێت، من خۆم ئەگەر ئائەوەندە پارەیان پێبدامایە بۆ سەرژمێری نەبوایە نەدەهاتمەوە".
فازڵ محەممەد، هاونیشتیمانی ئاوارەی خورماتوو بە رووداوی گوت: "لەوەتەی من هەم دوو جار رووخاوە، ئەم جارە خانووەکەم نەڕووخا کەچی دوای 16ی ئۆکتۆبەر کە هاتمەوە خانووەکەم تاڵان کرابوو".
جگە لە خانووەکەی مام فازڵ و کوڕەکەی، لە خوورماتوو 3000 خانووی دیکەی هاونیشتمانیانی کورد دوای هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەر تاڵانکران.
لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، 98 خانووی کوردانی خوورماتوو تەقێندرانەوە.
هەرچەندە لە دوای هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەر بۆسەر خوورماتوو لیژنەیەک پێکهات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی خانووەکانیان زیانی گەورەی بەرکەتووە، بەڵام هیچ کەسیان تائێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە.
مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا، سێ هەزار خانوو تاڵان کران. 600 دووکانی بازاڕی هەڵوێست لە خوورماتوو تاڵانکران، 30 مۆلیدەی خەڵک و گەڕەک و مزگەوتەکان تاڵان کران، 19 شوێنی کارگەی چەوولم و بلۆک و رێستۆرانت سووتان و تاڵان کران. 150 ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان تاڵانکران".
بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانیی کوردی خوورماتوو گەڕاونەتەوە شارەکەیان، لەنێویشیاندا ئەو کەسانەی خانووەکانیان لەدەستداوە، بۆیە بە ناچاری لەسەر ماڵی هاوسێ و خزمەکانیان خۆیان تۆمارکردووە.
ئەحمەد رەمەزان، بەڕێوەبەری تیمی سەرژمێری لە خورماتوو بۆ رووداوی باس کرد، "توانیومانە زۆرترین کار بکەین لە خوورماتوو، لەو جێگایانەی کە هی کوردی خۆمان بووە هەموویانمان تۆمارکردووە، ئێمە وەکو بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەر و بژمێرەکان هەموو کارەکانمان بە تەواوەتی کردووە و کوردانمان تۆمار کردووە".
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 70 هەزار هاونیشتمانیی کورد لە خوورماتوو هەن، بەڵام زیاتر لە 20 هەزاریان دوای هێرشەکانی 16 ئۆکتۆبەر ئاوارەی دەرەوەی شارەکەیان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ