وەزارەتى ناوخۆى عێراق: دەستگیرکردنى ئەفسەر و کارمەندەکان لە کەرکووک پەیوەندى بە سەرژمێرییەوە نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق رەتیکردەوە، دەستگیرکردنى ئەفسەر و کارمەندانى وەزارەتەکەى لە بازگەکانى کەرکووک پەیوەندى بە سەرژمێرىی گشتیى دانیشتووانەوە هەبووبێت و دەڵێت، "18 ئەفسەر و کارمەند گەندەڵى داراییان لەسەر سەلمێندراوە و راگیراون".
21ى تشرینى دووەمی2024، وەزارەتى ناوخۆى عێراق روونکردنەوەیەکى لەبارەى دەنگۆى دەستگیرکردنى 320 ئەفسەر و کارمەندى وەزارەتەکە لە کەرکووک بڵاوکردەوە کە گوایە لە بازگەکانى ئەو شارە دەستگیر کراون.
ئەو وەزارەتە ئاماژەى بەوەداوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەو ئەفسەر و کارمەندانەى بازگەکانى نێوان پارێزگاکان لە کەرکووک بە هۆکارى نادیار دەستگیرکراون و هەندێک هەوڵیانداوە بیبەستنەوە بە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: ئەو پرسە پەیوەندى بە سەرژمێرییەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندار بووە بە رێکارى کارگێڕی و لێکۆڵینەوە لە لایەن ئەو وەزارەتەوە لەگەڵ 18 ئەفسەر و کارمەند کە گەندەڵى دارایی لەو بازگانە لە سەریان سەلمێندراوە و راگیراون.
رووداوى دەستگیرکردنى ئەو ئەفسەرانە بۆ شەوى 19 لەسەر 20ـی تشرینى دووەم بەر لە دەستپێکردنى یەکەم رۆژى سەرژمێرى بوو.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە لە بازگەکانى کەرکووک ئەفسەر و کارمەندان هەن کە بەشێوەیەکى سروشتى کارى خۆیان دەکەن و دەڵێت: "تۆمەتى هەڵبەستراو رەتدەکەینەوە و مافى گرتنەبەرى رێوشوێنى یاساییمان هەیە بەرامبەر شێواندنى راستییەکان و دەستوەردان لە کارە یاسایی و کارگێڕییەکانمان".