جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: رەنگە بەهۆی سەرژمێرییەوە بەشەبودجەمان کەم بکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی هەڵەبجە لە پارێزگەی سلێمانی دەژین و نەگەڕاونەتەوە، رەنگە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر بەشە بودجەی پارێزگاکە دروست بکات و کەمی بکاتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، بەوپێیەی دوو خوێندنەوەی لەسەر کراوە و تەنیا دەنگدان ماوە، بۆیە پێویستمان بە هەوڵێکی تەواوی لایەنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق هەیە تاوەکو دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارە بدرێت".
 
بە گوتەی کاوە عەلی، لە کاتی سەردانەکەی رۆژی 13ـی ئەم مانگەی سوودانی بۆ سلێمانی، پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی لەگەڵدا تاوتوێ کراوە و سوودانی گوتوویەتی، "ئەوەی لەسەر من بوو وەکو سەرۆکوەزیران کردوومە و ئێستا ئەوەی ماوە لە ئەستۆی پەرلەمانە، پێویستە لایەنەکان دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارە بدەن".
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، "لەم سەرژمێرییەدا سەرجەم دانیشتووانی هەڵەبجە لەسەر پارێزگای سلێمانی تۆمار دەکرێن، جگە لەوەی هەزاران هەڵەبجەییش هەن کە ساڵانێکی زۆرە لە سلێمانی نیشتەجێن؛ ئەمەش لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر بەشە بودجەی هەڵەبجە دەبێت". 
 
لەبارەی کاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئێمە پێشتر ئەو بابەتەمان لەگەڵ موحسین مەندەلاوی باس کردبوو، ئێستاش لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی قسەمان کردووە و بەڵێنی پێداوین هەرکاتێک خرایە بەرنامەی کارەوە، پشتگیری بکات و تەنانەت پاڵپشتیشی بۆ کۆبکاتەوە".
 
چرۆ حەمەشەریف دەشڵێت، "پێویستمان بە پاڵپشتیی سوننە و شیعەکانە، لەو باوەڕەشدا نین هیچکام لە لایەنەکان دژایەتی ئەو پڕۆژە بڕیارە بکەن، تاڕادەیەکی باش دڵنیاین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو پڕۆژە بڕیارە دەنگی لەسەر دەدرێت". 
 
سەبارەت بە پڕۆسەی سەرژمێری و کاریگەرییەکانی بۆ سەر داهاتووی هەڵەبجە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، "بەدڵنیاییەوە هەژمارکردنی هەڵەبجەییەکان لەسەر پارێزگای سلێمانی و نیشتەجێبوونی بەشێکی زۆریان لە سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەش لە داهاتوو کاریگەری لەسەر بەشە بودجەی پارێزگاکە دەبێت، چونکە ئەگەر ئێستا پارێزگا بووایە جگە لەوەی دانیشتووانەکەی خۆی؛ هەڵەبجەییەکانی نیشتەجێی پارێزگاکانی دیکەش دەکرا بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکەی خۆیان و رێژەی دانیشتووانی پارێزگاکەی خۆیان بەرز بکەنەوە؛ بۆیە دەکرێت لە دوای پەسندکردنی بە پارێزگابوونی شارەکە لە پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە سەرژمێرییەکی تایبەت لە هەڵەبجە بۆ خەڵکەکەی بکرێتەوە".
 
بۆ یەکەمجار لە دواى 37 ساڵ سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت، رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەم بۆ تۆمارکردنى خێزانەکانە. 
 
دوێنێ 20ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناخی سێیەمی پڕۆسەکە دەستیپێکرد؛ ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆماری ئەندامانی خێزانە و قەدەخەی هاتووچۆش کۆتایی دێت. دواتر قۆناخی چوارەمی سەرژمێری دەستپێدەکات کە فۆڕمێکە و زیاتر لە 70 پرسیاری تێدایە.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە