پارێزگاری کەرکووک: سەرووی 99%ی سەرژمێری لە کەرکووک تەواوبووە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: 99.48٪ـی کەرکووکییەکان سەرژمێریی کراون و کەمێکی دیکە رێژەکە دەبێتە 100٪.
 
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوپاس بۆ خوا سەرژمێرییمان بەشێوەیەکی زۆرباش بردە پێشەوە، هەموو کارئاسانییەکان بۆ هاووڵاتییەکان کرا، توانرا لە کەرکووک سەرژمێرییەکە بەشێوەیەک بێت کە هیچ پێشێلکاری و کێشە و گرفتێکی تێدا نەبێت".
 
رێبوار تەها گوتیشی، "لە ماوەی ئەم دوو رۆژدا، 97 منداڵ لەدایکبوون و 7 حاڵەتی مردنیشمان هەن، شتێکی وا رووینەداوە کە جێی نیگەرانی بێت".
 
پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، "سەرژمێری کەرکووک تەحەدایەکی گەورەبوو، هەروەها دیاربوو کە گرەو کرابوو لەسەر ئەوەی کە تێکبچێت یان نەکرێت، بەڵام کرا. تا کاژێرێک لەمەوپێش 99.48٪ـی کەرکووکییەکان سەرژمێریی کراون و کەمێکی تر دەگاتە 100٪".
 
رێبوار تەها سوپاسی خەڵکی کەرکووک و راگەیاندنەکانی کرد و سوپاسێکی تایبەتیشی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هەبوو و گوتی، "سوپاس بۆ رووداو کە رووماڵێکی زۆرباشتان کرد و دەستتان خۆشبێت".
 
سەبارەت بە قۆناخی کۆتایی سەرژمێری و مانەوەی کەرکووکییە گەڕاوەکانی دەرەوەی پارێزگاکە پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، "هەموو ئەو ماڵانەی کە تیمەکانی سەرژمێری تۆماریان کردوون، لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا دەبێت تیمەکان جارێکی دیکە سەردانیان بکەنەوە".
 
لەبارەی ئەو لیژنە هاوبەشەی کە بۆ سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140 پێکهێنراوە، رێبوار تەها دەڵێت، "لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنرێت، لیژنەکە زیاتر کاری هونەری دەکەن و ئەوەشی بە ئێمە بکرێت هاوکارییان دەکەین".
 
پارێزگاری کەرکووک داوای لە هاووڵاتیان کرد پەلەنەکەن لە دەرچوون لە ماڵەکانیان، "چونکە ئەمە پەیوەندیی بە هەموو عێراقەوە هەیە و تەنیا شارەکەی ئێمە نییە، بۆیە تکایان لێدەکەین کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە".
 
بۆ یەکەمجار لەدواى 37 ساڵ، سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت.
 
رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەم بۆ تۆمارکردنى خێزانەکان دەستنیشانکرابوو و قەدەخەی هاتووچۆی تێدا پیادەکرا و بڕیارە دوای 48 کاژێریش ئەنجامەکانی سەرژمێری لە هەموو عێراق رابگەیێندرێن، جگە لە ناوچەکانی مادەی 140 کە بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئەنجامەکانی سەرژمێری راناگەیێندرێن تاوەکو بەراورد نەکرێن بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی ساڵی 1957 و دڵنیابوونەوە لە دروستیی زانیارییەکان بەهۆی دۆخی سیاسی و نەتەوەیی ئەو ناوچانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە