هەر ماڵێکی کەرکووک پڕە لە میوان؛ هاتوونەتەوە کوردبوونیان بسەلمێنن
رووداو دیجیتاڵ
بەردەم دەرگای ماڵەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک پڕن لە ئۆتۆمبێل. ژوورەوەش تەژی لە خەڵکە و قەرەباڵخە.
چوومە ماڵێک، ماڵی عادل کەریم خان، ماڵەکەی جمەی دێت لە میوان.
میوانەکان زێدی رەسەنیان کەرکووکە، بەڵام بە هۆکاری جیاجیا ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵگەی کەرکووکیبوونیان وەک چاویان پاراستووە، ئەو بەڵگەیەی قسەیێکی بۆ تیمەکانی سەرژمێری نەهێشتووەتەوە.
پرۆسەی سەرژمێری دەریناخات لە کەرکووک و تەواوی ناوچەکانی دیکەی مادەی 140 چەندیان کوردم، چەندی عەرەب و تورکمانە، بەڵام بنەمایێک دەبێت بۆ هەر سەرژمێریێکی دیکەی عێراق.
ترسێک کە لە دڵی کاربەدەستانی کەرکووک بوو، بە گەڕانەوەی خەڵکی رەسەن و سەرژمێریکردنیان رەویەوە.
بە بەراورد بە شارەکانی هەرێمی کوردستان، قەدەخەی هاتووچۆ لە کەرکووک توندە، بەڵام گەڕانەوەی زۆری خەڵکە رەسەنەکەی، بازاڕ، کوچە و کۆڵانەکانی شاری قەرەباڵخ کردووە.