دارا رەشید: سەرژمێری تاوەکو تۆمارکردنی دوایین خێزان بەردەوام دەبێ
رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەرچی پێشتر راگەیێندرابوو کە ئەم قۆناخە بۆ دوو رۆژ بەردەوام دەبێ، بەڵام هاونیشتمانییان ئاگادار دەکاتەوە کە تاوەکو تەواوکردنی تۆماری هەموو خێزانەکان پرۆسەی سەرژمێری بەردەوام دەبێ.
داواش دەکات، ئەوانەی تائێستا تۆمار نەکراون، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی تۆمارکردن بن.
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیێندراوەکەی بڵاوکردەوە.
وەزیر دەڵێت، "لە بەردەوامی پرۆسەی جێبەجێکردنی سەرژمێری لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا رێژەیەکی بەرزی کارەکان جێبەجێ کراون، سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگی تەکنیکی".
وەزیری پلاندانان هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "لەبەرئەوەی پێشتر راگەیێندرابوو کە پرۆسەکەی ئەم قۆناخە بۆ دوو رۆژ بەردەوام دەبێ، دواتر ناتوانین کەس تۆمار بکەین، بەڵام لێرەوە هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە تاوەکو تەواوکردنی تۆماری هەموو خێزانەکان پرۆسەکە بەردەوام دەبێ بۆیە داوا دەکەین لە سەرجەم ئەو خێزانانەی کە تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە، لە ماڵەکانیان بمێننەوە، چونکە پرۆسەکە بەردەوام دەبێ تاوەکو دوا خێزان و دوا هاووڵاتی تۆمار دەکرێن".
دوێنێ 20ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناخی سێیەمی پڕۆسەی سەرژمێری دەستیپێکرد؛ ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆماری ئەندامانی خێزانە و قەدەخەی هاتووچۆش کۆتایی دێت. دواتر قۆناخی چوارەمی سەرژمێری دەستپێدەکات کە فۆڕمێکە و زیاتر لە 70 پرسیاری تێدایە.