فەهمی بورهان: لە دەوروبەری خانەقین، کوڵەجۆ و نەینەوا بەعەرەبکردن بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی لە هەندێک ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین و کوڵەجۆ "جۆرێک لە بەردەوامیدان بە بەعەرەبکردن" دەبینن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوایین زانیارییەکانی خستەڕوو.
ئەو گوتی، کاژێر 12:00ـی ئەمشەو، قۆناخی سێیەمی سەرژمێری کۆتایی دێت، "بە هەموو لایەکی رادەگەیێنین کە پێویستە پڕۆسەی سەرژمێری تەواو بکەین چونکە زۆر گرنگە، تەواوبوونی پڕۆسەکە بە مانای بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی سەرژمێری دێت".
فەهمی بورهان دەڵێت، "ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە سەرەتاوە هەندێک سەرنج و تێبینیمان لەسەر پڕۆسەکە هەبوو، خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین دیاریکردنی سەرژمێری ساڵی 1957 وەکو بنەمایەک بۆ ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمە باش بوو، بەشێک لەو نیگەرانییانەی لەسەر پڕۆسەکە هەمانبوون، رەواندنییەوە".
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان سەرەڕای ئەوەی باسی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سەرژمێری لە ناوچەکانی مادەی 140 کرد، بەڵام گوتی، "لە هەندێک ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین و کوڵەجۆ، جۆرێک لە بەردەوامیدان بە بەعەرەبکردن دەبینین، دەرفەتیان نەداوە تائێستا بەشێک لەو گوندانە سەرژمێرییان تێدا بکرێت. هەروەها لە دەڤەری مەخموور و چەند ناوچەیەکی نەینەواش کێشە هەبوون".
لە درێژەی قسەکانیدا فەهمی بورهان گوتی، "هەموو ئەوانەی لە کەرکووک بوون کەرکووکین، نابێت هەندێک کەس و لایەن بە گوتاری نەتەوەیی و سیاسیی، بایەخی ئەو بۆنە کۆمەڵایەتییە مەزنە کەمبکەنەوە؛ ئەوەی ئەو گوتار و پەیامە نەتەوەیی و سیاسیانە بڵاودەکاتەوە دەبێت لە کەرکووکییەکانەوە فێربێت. هیچ کەسێک لێرە تۆمار نەکراوە کە کەرکووکی نەبێت، هیوادارین سیاسییەکانیش بە گوتاری سیاسی و نەتەوەیی بایەخی ئەم میواندۆستییەی کەرکووکییەکان کەم نەکەنەوە".
بەبڕوای سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە پڕۆسەی سەرژمێرییدا یەکڕیزییەکی پتەو لەنێوان حیزب و لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبووە و دەڵێت، "هەمیشە تەبایی و برایەتی و یەکڕیزی ئامانجە قورسەکانیشی بەدەستهێناوە، زۆرجار دەستکەوتی بچوکیش بە لێکترازان کەوتووەتە مەترسییەوە، ئومێد دەکەین ئەم یەکڕیزییەی لە سەرژمێرییدا هەبوو، لە دوای سەرژمێری و بۆ سەرجەم پرسە نیشتمانییەکان هەبێت".
بە گوتەی فەهمی بورهان، "هەوڵ هەبوو کە بەرچاوی کەرکووکییە رەسەنەکان لێڵ بکرێت و لە زێدی خۆیان تۆمار نەکرێن، بەڵام ئەو ئامانجەیان نەهاتەدی و کەرکووکییەکان گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان".
دوێنێ 20ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناخی سێیەمی پڕۆسەی سەرژمێری دەستیپێکرد؛ ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆماری ئەندامانی خێزانە و قەدەخەی هاتووچۆش کۆتایی دێت. دواتر قۆناخی چوارەمی سەرژمێری دەستپێدەکات کە فۆڕمێکە و زیاتر لە 70 پرسیاری تێدایە.