رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسى راگەیاندنی پڕۆسەی سەرژمێرى لە دهۆک دەڵێت، کارەکانی سەرژمێری لە پارێزگاکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن، نزیکەی 90٪ـی کارەکانیان تەواو کردوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەم، رافع محەممەد، بەرپرسى راگەیاندنی پرۆسەی سەرژمێرى لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی هەبوونی کێشە لە شێخان، دوێنی نزیک مەغریب دەست بە پرۆسەکە کرا، بەڵام نەبووە هۆی دواکەوتنی پرۆسەکە و زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت."
بەرپرسى راگەیاندنی سەرژمێرى لە دهۆک دەڵێت: "لە شێخان کێشەکە بەهۆی ئایپادەکان و سیستمی vpnـەوە بوو، پڕۆگرامەکان کارا نەبوون، ئەمەش تاوەکو مەغریب لە شێخان پرۆسەکەی دواخست، بەڵام تاوەکو بەیانی تیمەکانمان لە کارەکانیان بەردەوام بوون."
بە گوتەی رافع محەممەد، ئەمڕۆ پڕۆسەکە لە پارێزگای دهۆک "زۆر بە باشی" بەڕێوەدەچێت، نزیکەی 90٪ـی کارەکان تەواو بوون، تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەم شەو تیمەکانیان بەردەوام دەبن لە کارکردن.
لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە کەمپەکانی دهۆک، رافع محەممەد گوتی، "لە کەمپی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆک، پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، هەندێک کێشەی بچووکمان بۆ دروست دەبێت هەندێک لە ئاوارەکان رژدن لەسەر ئەوەی لێرە سەرژمێری نەکەن، بەڵام ئێمە بەشێکی زۆری ئەم کێشانەمان چارەسەر کردووە."
19 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمی کوردستان وەکو بژمێر وەرگیراون. رافع محەممەد دەڵێت: "ژمارەیەک بژمێرەی لە دهۆک وازیان لە کار هێنابوو، بەڵام بژمێری یەدەگمان لە شوێنەکانیان دانان".
دوێنێ چوارشەممە، قۆناخی سێیەمی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە تۆمارکردن و پشتڕاستکردنەوەی تۆماری خێزان بوو، ئەم قۆناخەی سەرژمێری تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ