لیژنەی سەرژمێری بۆ ئەوانەی تۆمار نەکراون: کارمەندی هێڵی گەرمی 567 زیاتر دەکەین و پەیوەندی بکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوایین رۆژە بۆ تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا. چەند هاونیشتمانییەک دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ بژمێرەکان سەردانیان نەکردوون و پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە دەکەن، بەڵام هێڵەکە کارناکات. وەزارەتی پلاندانانیش دەڵێت "هێڵەکە لۆدی لەسەرە و کارمەند زیاد دەکەن."
چەند هاونیشتمانییەک لە شاری هەولێر و سنووری پارێزگای سلێمانی بە رووداویان گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ بژمێرەکان سەردانیان نەکردووین و ژمارە 567ـی هێڵی گەرمیش، وەرناگیرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
کارزان مەنتک، سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەرکەسێک لە هەر شار و گوندێکە، پەیوەندی بکات، چونکە دوادەرفەتە بۆ تۆمارکردنیان لە سەرژمێری."
کارزان مەنتک گوتیشی "گوشارێکی زۆر لەسەر هێڵی گەرمی ژمارە 567ـە، بۆیە هەندێکجار دەبێت هاونیشتمانی چەند جارێک هەوڵبدات و بەدڵنیاییەوە وەڵامی دەدرێتەوە."
سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەندامانی تیمی هێڵی گەرم زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەدەم کێشەی هەموو ئەو کەسانەوە بچن کە تۆمار نەکراون.
جگە لە هەرێمی کوردستان، هاونیشتمانیانی ناوچە کێشەلەسەرەکان ئەگەر تاوەکو ئەمڕۆ تۆمار نەکراون، بەگوێرەی شارەکان دەتوانن پەیوەندی بەم ژمارانەوە بکەن:
- پارێزگای کەرکووک: 07779278630 - 07779278610 - 07779278540
- پارێزگای سەلاحەدین - خورماتوو: 07701542275
- مەخموور: 07507990725
- خانەقین: 9647701364961 یان 9647701906532.
ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆماری ئەندامانی خێزانە و قەدەخەی هاتووچۆش کۆتایی دێت. دواتر قۆناخی چوارەمی سەرژمێری دەستپێدەکات کە فۆڕمێکە و زیاتر لە 70 پرسیاری تێدایە.