کوردستان
هاونیشتمانییەک لەکاتی پێدانی زانیاری بە تیمەکانی سەرژمێری لە هەولێر لە 20-11-2024، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیدەکاتەوە هەرکەسێک زانیاری هەڵە بە تیمەکانی سەرژمێری بدات یان زانیارییان پێنەدات، بە حەوت ساڵ زیندانی و 10 ملیۆن دینار سزا بدرێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەنگۆ و زانیاری جیاواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاودەکرێنەوە لەبارەی ئەو کەسانەی بەشداری پرۆسەی سەرژمێریی ناکەن، یاخود زانیاریی هەڵە دەدەنە تیمەکانی سەرژمێری، لەوانە هەر کەسێک زانیاری هەڵە بدات، سزاکەی حەوت ساڵ زیندانی و 10 ملیۆن دینارە.
لەوبارەوە، بەشی بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، هەموو ئەو دەنگۆ و زانیاریانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "ناڕاستن و هیچ بنەمایەکیان نییە."
بەشەکە بە پێویستی دەزانێت هەموو بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکان بکەن. بەئاگابن لەو پڕوپاگەندانەی لەماوەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بڵاودەکرێنەوە و دەڵێ "گرنگە تەنیا لە سەرچاوەی فەرمیی زانیارییەکان دەستبخەن."
پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان دوای 37 ساڵ بۆ یەکەمجار لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دەکرێت. دوێنێ قۆناخە گرنگەکەی سەرژمێری دەستیپێکرد و ئەمشەو کاژێر 12:00 کۆتایی دێت. لەو قۆناخەدا زانیاری تۆماری خێزانی وەردەگیرێت و ئەو زانیاریانەشی لە بارەی تۆماری خێزان لە 16 بۆ 19ـی مانگ وەرگیراون، پشتڕاستدەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ