ئەو کەسانەی لە دوو شوێن لە سەرژمێری دا تۆمار دەکرێن کامیان هەژمار دەکرێت؟

رووداو دیجیتاڵ

رێوشوێنەکانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامن. سەرپەرشتیارێکی بژمێران داوا دەکات، هیچ کەسێک لە دوو شار خۆی تۆمار نەکات. بەرپرسێکی لیژنەی سەرژمێریش دەڵێت، کام فۆڕمە دروست پڕکرابێتەوە، ئەوە هەژمار دەکرێت.
 
بەگوتەی بەرپرسانی سەرژمێریی لە ناوچە جیاجیاکان، ژمارەیەک لە هاونیشتمانی شارەکانی هەرێمی کوردستان سەرژمێرییان کردووە، دواتر چوون بۆ یەکێک لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و دووبارە سەرژمێرییان کردووە.
 
هاوژین جەوهەر، سەرپەرشتیاری تیمێکی سەرژمێران لە قەزای مەخموور ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-11-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ژمارەیەک هاونیشتمانیی هاتوون و دەڵێن لە هەولێر خۆیان تۆمار کردووە، دەیانەوێت لە مەخمووریش خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام ئەوە کێشە بۆ هەردوو تۆمارکردنەکە دروست دەکات." 
 
هەر ئەمڕۆ، بەرپرسێکی باڵای لیژنەی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەرکەسێک رۆژانی 16 بۆ 19ـی مانگ لە کەرکووک یان هەر ناوچەیەکی دیکە ناوی تۆمار کردبێت، 20 و 21ـی مانگیش لەوێ زانیارییەکانی پشتڕاستکردبێتەوە، بە فەرمی لەوێ تۆمار دەکرێت." 
 
بەگوێرەی لیژنەی سەرژمێری، هەرکەسێک لە دوو شار خۆی تۆمار کردبێت، یەکێکیان هەژمار دەکرێت کە تەواوی وەڵامەکانی سەرژمێریی بە دروستی پڕکردبێتەوە و پلەی کۆتایی وەرگرتبێت، لەو کاتەشدا یەکێکیان رەشدەکرێتەوە.
 
ئەو کوردانەی لە کەرکووک تۆمار دەکرێن، دەبێت فۆڕمی خێزانیش پڕبکەنەوە، ئەو پرۆسەیەش لە سبەیەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
بۆ تۆمارکردنی فۆڕمی خێزانی، تەنیا سەرۆک خێزان دەتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، بەو مەرجەی کارتی نیشتمانیی ئەندامانی خێزانەکەی و فۆڕمی خۆراکەکەی پێ بێت.
 
رێکارەکانی سەرژمێری لە عێراق 16ـی مانگ و لە هەرێمی کوردستان 17ـی مانگ دەستیانپێکردووە، ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆماری خێزانەکانە.
 
رێکارەکانی سەرژمێری تاوەکو 10-12-2024 بەردەوام دەبن و دەبێت خێزانەکان وەڵامی پرسیارەکانی فۆڕمێکی تایبەت بە سەرژمێرییەکە بدەنەوە.