رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بارەگای بارزانی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند و دەڵێت، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پێویستی بە رەزامەندیی لایەنە سوننەکانی نێو پەرلەمانە.
شەوی سێشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2023، د. خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی رایگەیاند، سەرۆک بارزانی پێی وایە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان مافی پێکهاتەی سوننەیە و هەر بەربژێرێک بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت پێویستە کۆدەنگی یان رەزامەندیی زۆرینەی لایەنە سوننەکانی نێو پەرلەمانی لەسەر بێت.
راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی لە کاتێکدایە، رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردن، جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی ئەو کەسە دەبێت لەنێو سەرنەکەوتووەکانی بازنەی محەممەد حەلبووسی زۆرترین دەنگی هێناوە.
رۆژی 20-11-2023، پەرلەمانی عێراق نووسراوی فەرمی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد لەبارەی شوێنگرەوەی حەلبووسی، ئەمڕۆ سێشەممە وەڵامی نووسراوەکەی پەرلەمانی عێراقییان دایەوە. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە نووسراوی فەرمی وەڵامیان داوەتەوە و، بەڵام ئەوان ئامادە نین ئەوان ناوی جێگرەوەی حەلبووسی ئاشکرابکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، هەر لەوبارەوە سەفەوان گەرگەری، ئەمینداری پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عیسا عیساوی جێگەی محەممەد حەلبووسی دەگرێتەوە."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 10ـی تشرینی یەکەمی2021، بەڕێوەچوو، بازنەی 1ـی پارێزگای ئەنبار چوار کورسی بوو کە سەرجەمیان بۆ هاوپەیمانیی تەقەدووم بوون بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی.
لە بازنەکەدا حەلبووسی زۆرترین دەنگی هێنا کە 35 هەزار و 774 دەنگ بوو؛ دووەم، مستەفا ئەحمەد جومەیلی 10 هەزار و 538 دەنگ؛ سێیەم، یەحیا غازی هەشت هەزار و هەشت دەنگ؛ چوارەم، سەمیعە محەممەد خەلیفە محەممەدی شەش هەزار و 573 دەنگ.
ئەو سەرنەکەوتووانەی کە زۆرترین دەنگی ئەو بازنەیان هێنا بریتیین لە عیسا عیساوی بە چوار هەزار 728 دەنگ؛ ئەریج حوسێن جومەیلی لە هاوپەیمانیی عەزم بە چوار هەزار و 108 دەنگ؛ سەلمان عەلی حەسەن جومەیلی لە هاوپەیمانیی عەزم بە چوار هەزار و 22 دەنگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ