کشتوکاڵی هەولێر: نزیکەی 600 هەزار تۆن بەرهەمی سەوزە رەوانەی نێوەڕاست و باشووری عێراق کراوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایدەگەینێت، لەهەموو ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بارانی پێویست باریوە و پەڵەیداوە. دەشڵێت، ئەم ساڵ نزیکەی 600 هەزار تۆن بەرهەمی سەوزە و میوەیان رەوانەی بازاڕەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق کردووە.
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ئەو رێژە بارانەی لە دوو رۆژی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە، رێژەیەکی زۆرباشە و پەڵەی داوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بۆ ئەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان گونجاو بن بۆ کێلان و داچاندن، بە دابارینی 40 ملیمەتر باران، زەوییەکان گونجاو دەبن بۆ کێڵان، بەڵام لە زۆرینەی شوێنەکان زیاتر لە 100 ملیمەتر باران باریوە، تەنیا لە قوشتەپە تا ئێستا 170 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تەنیا 9 ملیمەتربوو، هەروەها لە نێوەندی هەولێر زیاتر 100 ملیمەتر، بنەسڵاوە 126 ملیمەتر و ناوچەی مەخموور و دیبەگە ناوچەی نا مسۆگەری بارانە بەڵام ئەم ساڵ لە مەخموور 75 ملیمەتر، دیبەگە 81 ملیمەتر باران باریوە.
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەن کە گونجاون بۆ چاندنی دانەوێڵە، هێمن سەید موراد دەڵێت، پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ رووبەرێکی زۆر زەوی بە دانەوێڵە بچێنرێت، بەهۆی ئەوەی لە ئەو ناوچانەشی کە بە نامسۆگەری باران هەژمار دەکرێن، وەکو مەخموور و دیبەگە ئەم ساڵ رێژەیەکی باش باران باریوە.
 
لەبارەی پاڵپشتیکردنی جووتیاران لە دابینکردنی بنەتۆو و پەینی کیمیایی و دەرمانی قڕکەر، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە توانامان زۆر سنووردارە لە دابینکردنی بنەتۆو و پاڵپشتیکردنی جووتیاران، ئەوەی هەیە ئەم ساڵ هەندێک بنەتۆومان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بەسەر چەند جووتیارێکدا دابەشی بکەین و ساڵی داهاتوو لێیان وەربگرینەوە.
 
گوتیشی، ئەم ساڵ هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی دەرمانی قڕکەر چڕکردووەتەوە، دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیداوە لەسەر تەرخانکردنی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ كڕینی قڕکەر و دەرمانی کشتوکاڵی بۆ رووبەڕوونەوەی هەر نەخۆشییەکی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.
 
هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەشکرد، لەو چوار ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بڕی یەک ملیار و 700 ملیۆنی بۆ سنووری پارێزگای هەولێر دەبێت.
 
لەبارەی پرۆژەکانی کەرتی ئاودێری و گلدانەوەی ئاوی باراناو، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، لەسنووری پارێزگای هەولێر چەند پرۆژەیەکی گرنگی دروستکردنی بەنداو و پۆند تەواوکراون و بەشێکیان لەقۆناخی جێبەجێبەکردندان، لەوانە؛ بەنداوەکانی گۆمەسپان، بەستۆرە، مەنداوە. لەگەڵ 12 پۆند کە بەشێکیان ئەم ساڵ ئاویان گلداوەتەوە.
 
ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق رێککەوتن لەسەر کردنەوەی بازگە و زاڵگەی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق بەڕووی بەرهەمی نێوخۆیی جووتیاران و قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە دەرەوە.
 
هێمن سەید موراد دەڵێت، "ئەم ساڵ لە بەرهەمی هاوینە، تەنیا لە عەلوەی هەولێر 29 هەزار بارهەڵگر کە نزیکەی 600 هەزار تۆن بەرهەمی نێوخۆیی جووتیاران بووە هەناردەی نێوەڕاست و باشووری عێراق کراوە، بەشێوەیەک ئێستا لە بەرهەمی هاوینەدا، تەواو پێداویستی نێوخۆمان پڕکردووەتەوە و بەشێکی زۆری هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراق کراون."
 
گوتیشی، لەسەر سەرپێچیکردن و فرۆشتنی بەرهەمی هاوردەکراو لە وەرزی قەدەخەکراودا، ئەم ساڵ 16 شوێن و جێگا سزادراون بەهۆی ئەوەی بەرهەمی هاوردەکراویان فرۆشتووە.
 
هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی پەلەوەری (هێلکە و گۆشتی مریشک)، ئێستا ئاستی خۆبژێوی و پێداویستی نێوخۆیی پڕکردووەتە و بەرهەمی هێلکە و پەلەوەر رەوانەی بازاڕەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی، ئێستا پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سامانی ئاژەڵی زۆر لە فراوانبووندایە، هەروەها لەبەرهەمی هێلکە و گۆشتی مریشک ئاستی خۆبژێویمان تێپەڕاندووە و زیاتر لە 580 پرۆژەی پەلەوەریمان هەیە و زیاترە لە پێویستیی نێوخۆ، هەروەها لە بەرهەمی هێلکە لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە.
 
بۆ ساڵی 2023، وەزارەتی بازرگانیی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، کە 230 هەزار تۆن لە پارێزگای سلێمانی، 145 هەزار تۆن لە پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆنیش لە پارێزگای دهۆک بوو.
 
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، "بۆ ئەوەی پلانی بەبازاڕکردن 100 وەکو خۆی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ بکرێت، وەکو کشتوکاڵی هەولێر فۆرمێکی تایبەتیان بەسەر هەموو جووتیاراندا دابەشکردووە بەمەبەستی رووپێویکردن و زانیاری تەواو لەسەر پلانی چاندن."
 
دەشڵێت، ئەو فۆرمەی دراوەتە جووتیاران، "هەموو جووتیارێک کۆد و ژمارەیەکی تایبەتی دەبێت و هەموو زانیارییەک لەسەر رووبەری زەوییەکەی، جۆری زەوییەکەی و زانیاری تەواویان لێوەردەگرێت، لەسەر ئەو بنەمایە، زانیاری تەواو لەسەر رووبەری زەوی چێنراو و بەرهەمی جووتیارانمان دەبێت و ئەو ئامارەی کۆدەکرێتەوە، دەبێتە بنەمایەک بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران."