مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ئامادەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەولێر بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە ئامادەیە و ئێستا ئەو پرسە لەدەست بەغدایە کە ئایا ئامادەیە پارەی کۆمپانیاکان بدات کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن یان نا.
رۆژی سێشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی، "دەستوور بەو جۆرە جێبەجێ نەکراوە کە نووسراوە. کوردستان هەندێ مافی زۆر بنچینەیی لەنێو دەستووردا هەیە و ئەو مافانە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون. بۆ نموونە، مافی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی نەوت."
"کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەیە"
نزیکەی هەشت مانگە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریسەوە راگیراوە. سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی، "ئێمە ئامادەین. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە. تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە. ئایا ئەوان ئامادەن تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکان بدەن کە لە کوردستان کار دەکەن؟ ئێمە لێرە سەرپەرشتیارین وەکو حکومەت و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین؛ هەروەها بەرگری لە مافی هاوبەشەکانیشمان دەکەین کە متمانەیان پێکردووین و وەبەرهێنانیان لە کوردستان کردووە. بۆیە هەر کاتێک ئەو گرێبەستانە رێزیان لێگیرا و هەر کاتێک حکومەتی فیدراڵی پارەی کۆمپانیاکانی دا، نەوت بۆ هەناردەکردن ئامادە دەبێت."
"کاتی دوورخستنەوەی حەلبووسی هەڵە بوو"
لەبارەی دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەرلەمانتاری بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێم وایە کاتەکە هەڵە بوو. من باسی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ناکەم و ئەوە شتێکی دیکەیە، بەڵام کاتێک دامەزراوەیەک کە لە سەروو هەموو شتێکەوەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە بڕیارێکی لەو شێوەیە دەربکات، یارمەتیدەر نییە."
سەبارەت بە ئەنجامی ئەو بڕیارە، مەسرور بارزانی گوتی، "عێراق چەندین کێشەی دیکەی هەیە و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە، ئەمەش قەیرانێکی نەخوازراوە. پێم وایە ئەگەر رێگەیەک هەبووایە بۆ چارەسەرکردنی، دەکرا لە رێگەی کەناڵی دیکەوە ئەنجامبدرایە؛ رەنگە باشتر بووایە پەرلەمان خۆی بڕیاری بدایە. بەڵام ئەگەر دامەزراوەیەک هەبێت لەسەروو هەموو شتێکەوە بێت و بڕیاری تاکلایەنانە بدات، بێ ئەوەی بیر لە ئەنجامەکانی بکاتەوە کە چی بەسەر دۆخی گشتی عێراق دەهێنێت، ئەوا یارمەتیدەر نابێت".
"دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت"
مەسرور بارزانی باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد کە بڕیارە لە 25ـی شوباتی 2024 بەڕێوەبچێت و رایگەیاند، "پێمان وایە دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا کە مانگی شوباتی داهاتووە بکرێت، ئەگەرنا ئەوانەی بەرپرسیارن لە دواخستنی، تەنیا ئەوان بەرپرسیار دەبن بەرامبەر بەو کارە نەک خەڵکی کوردستان."
"لە شنگال ئاڵنگاری بۆ بڕیارەکانی عێراق دروستدەکرێن"
لە تشرینی یەکەمی 2020دا رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرا. بەڵام ئەو رێککەوتنە بە تەواوەتی جێبەجێنەکراوە.
مەسرور بارزانی لەو بارەوە قسەی کرد و رایگەیاند، "ئێمە رێککەوتنی شنگالمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق واژۆ کرد و هیواخواز بووین جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە داخەوە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێی نەکردووە، لەبەرئەوەی هەندێ هێز لە شنگالن نەک تەنیا ئاڵنگاری بۆ ئێمە دروست دەکەن، بەڵکو ئاڵنگاری بۆ حکومەتی فیدراڵی و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانیش دروست دەکەن."
کاریگەرییەکانی جەنگی غەززە لەسەر عێراق
جەنگی غەززە لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دەستیپێکرد و لەو کاتەشەوە نزیکەی 14 هەزار کەس کوژراون کە زیاتر لە 12 هەزار کەسیان لە فەلەستین بوون.
جەنگەکە کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەبووە. بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران 61 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
لەبارەی ئەگەری پەلکێشانی ئەو جەنگە بە وڵاتانی ناوچەکەدا، مەسرور بارزانی گوتی، "ئێمە خەمی فراوانبوونی ئەم ناکۆکیەین و بڵاوبوونەوەی بە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێمە لە جەنگ ماندووین و هیوادارین کۆتایی بێت و چارەسەرێکی ئاشتیانەی بۆ بەدیبێت."
مەسرور بارزانی رایگەیاند، "باشترین کار عێراق بیکات، ئەوەیە خۆی لەو ناکۆکییە بە دووربگرێت. عێراق بۆ خۆی کێشەی زۆری هەیە. ئەگەر رێگەیەک هەبێت بۆ دابینکردنی هاوکاری مرۆیی شتێکی باشە، ئەوەش هەمان کارە ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەمانەوێت بیکەین و لە هەوڵداین لەرێگەی رێکخراوە خێراخوازییەکانمانەوە هەوڵی ناردنی هاوکاری مرۆیی بدەین بۆ ئەو خەڵکەی پێویستیان بە هاوکارییە. بەڵام بەداخەوە هێشتا ئەو دەرفەتە نەبووە."