رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی ئێران خوێندکاری ماستەر و دکتۆران، داواکارن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رێنمایی هاتووچۆی خوێندکاران بگۆڕێت و رێگە بەگەڕانەوەیان بدرێت. بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، "سەلامەتی خوێندکاران لە هەموو شتێک گرنگترە؛ رێنمایی تایبەت بە هاتووچۆ و گەڕانەوەی خوێندکاران لە ئێران دەردەکەین."
جیهاد عەبدوڵڵا، خوێندکاری ماستەرە لە زانکۆی کوردستان لە سنە و بە رادیۆی رووداوی گوت، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاری هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەخوێنن، بەهۆی ئاڵۆزی و خۆپێشاندانەکانی ئێرانەوە "مەترسی و دڵەڕاوکێی" لایان دروستکردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
جیهاد عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، "بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان هەیە و خوێندکاران پابەند کراون بەمانەوەیان لەو وڵاتەی لێی دەخوێنن لەکاتی کۆرسی خوێندندا، بۆیە ناتوانین بگەڕێینەوە هەرێمی کوردستان."
ئەو خوێندکارە ئاماژەی بەوەش کرد، داواکارن تاوەکو ئاسایی بوونەوەی دۆخی ئێران و زانکۆکانی ئێران رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە، چونکە لە ئاڵۆزی و خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، "مەترسیمان لەسەرە." گوتیشی، خوێندکار هەیە خێزان و ماڵ و منداڵی لەگەڵدایە و لە گەڕەکەکاندا دەژی و لە "دۆخێکی ناجێگیر"دان.
لەبارەی ئەو بابەتەوە، د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لای ئەوان هەیە نزیکەی سێ هەزار خوێندکار لە زانکۆکانی ئێراندا دەخوێنن و رەنگە هەزار خوێندکاری دیکەش بەبێ ئاگاداری ئەوان لەو وڵاتە بخوێنن.
لەبارەی دۆخی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران و بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، د. یاسین ساڵح گوتی، "لە سەرەتاوە چاودێری بارودۆخی خوێندکاران و زانکۆکانی ئێران دەکەین؛ بۆ ئێمە سەلامەتی و ئاسایشی خوێندکارەکان لە هەمووی گرنگترە."
وەک ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەڵێت، رۆژی دووشەممە یان سێشەممە رێنماییەکی تایبەت بە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەردەکرێت بۆ گەڕانەوەیان لەو زانکۆ و شوێنانەی کە ئاڵۆزی هەیە.
بەگوتەی د. یاسین ساڵح، رێنماییەکە بەجۆرێک دەبێت کە خوێندکاران لەو زانکۆ و شارانەی مەترسی و ئاڵۆزی هەیە بتوانن بگەڕێنەوە یان خوێندنەکەیان دوابخەن بۆ ساڵێکی دیکە.
لەبارەی ئەگەری خوێندنی ئۆنلاین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان دەڵێت، "بەگوێرەی رێنماییەکانمان خوێندن بە رێگەی ئۆنلاین رێگەپێدراو نییە و رێگە بە بابەتی لەوشێوەیە نادەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ