کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا لەبارەی هێرشەکانی ئێران: چیدیکە تووندوتیژی هاوردەی هەرێمی کوردستان نەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا سەرکۆنەی ‌هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات و داوا دەکات چیدیکە "تووندوتیژی هاوردەی هەرێمی کورستانی عێراق نەکرێت." 
 
رۆژی دووشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2022، کۆنسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر لە تویتێکدا گوتی: "دووبارەی دەکەینەوە، هۆڵەندا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامە مووشەکی و درۆنییەکان لەنێو هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات." 
 
کونسووڵخانەی هۆڵەندا پاڵپشتیی خۆی بۆ "داوای بەرپرسان بۆ رێزگرتن لە سەروەریی خاکی عێراق" دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت: "داواکارین کۆتایی بە هاوردەکردنی تووندوتیژیی ناوچەکە بۆ نێو هەرێمی کوردستانی عێراق بهێندرێت." 
 
درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کامپی جێژنیکان لە سنووری هەولێر؛ هەروەها بارەگای حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زڕگوێز.
 
ئارام مودەڕیسی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان دوای هێرشەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە درۆن و مووشەک بارەگای سەرکردایەتی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان لە بانەگەورە لە زڕگوێز کراوەتە ئامانج؛ هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە." 
 
هاوکات نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر دوای هێرشەکە بە رووداوی راگەیاند: "کامپی جێژنیکان لە نزیکی بەحرکەی سەر بە هەولێر کە خێزانەکانی پەنابەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا نیشتەجێن بۆردوومانکراوە؛ هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە." 
 
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیەش بە رووداوی راگەیاند: "ئێران بە سێ مووشەک کۆیەی بۆردوومانکردووە؛ مووشەکێک بەر قەڵای دیموکرات کەوتووە و دوو مووشەکی دیکەش بەر بنکەی تەندروستی نێو کەمپی ئازادی کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووە." هەروەها لە هێرشەکەی کۆیەدا پێشمەرگەیەکی حدکا گیانی لەدەستدا. 
 
ئەمە یەکەمجار نییە ئێران هێرشدەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. رۆژی 14ـی تشرینی دووەم، جارێکی دیکە ئێران هێرشیکردە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو سنوورەدان. لە هێرشەکەی کۆیەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسیش بریندار بوون.
 
بەر لەوەش، رۆژی 24ـی ئەیلوولی 2022، هێزی زەمینیی سوپای پاسداران دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی راگەیاند و داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە دوور بکەنەوە.
 
دوای چوار رۆژ و لە 28ـی هەمان مانگ، سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، زرگوێز و شێراوا، لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون.