رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر نۆ رێنوێنیی بۆ دانانی سیستمی غازی شۆفاژ دەردەکات و پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، چاودێریی کاری سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە سیستمی غازی شل بۆ ماڵان دادەنێن و بەبێ مۆڵەتی بەرگریی شارستانییش رێگە بە هیچ کۆمپانیایەک نادرێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە و نانەواخانە و ماڵان دابنێت.
رۆژی دووشەممە 21-11-2022 بە سەرپەرشتیى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار، یەکەمین کۆبوونەوەى تایبەت بە پێداچوونەوە بە سیستمی شۆفاژ لە شوێنە گشتییەکان و ماڵان و بەکارهێنانى غازی LPG کرا.
دوای کۆبوونەوەکە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "بە پێویستى دەزانین بە زووترین کات پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنان بکرێت کە سیستمی شۆفاژ بەکاردەهێنن" و جەختى لەوەش کردەوە "هەموو ئەو ماڵ و شوێنانەى کە ئەو سیستمە دادەنێن، دەبێت بە ئاگاداریی بەرگریی شارستانی و بە کەلوپەلی ستانداردى جیهانى و لەلایەن کۆمپانیای مۆڵەتدار و کەسانی شارەزا و ئەندازیاری باوەڕپێکراوەوە دایبنێن."
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دەرکرا کە ئەمانەن:
یەکەم: هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییان لە چۆنێتى بەکارهێنانى سیستمى غازی ئێڵ پی جی و شۆفاژ و مەترسییەکانى دانانى ئەو سیستمە لەلایەن کەسانى بێ مۆڵەت و ناشارەزا.
دووەم: چاودێریكردنى سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەى کە سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر دەکەن.
سێیەم: نابێت هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى رەزامەندىی بەرگریی شارستانى، سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات. ئەوانەشى ئێستا ئەو کارە دەکەن دەبێت لە ماوەى یەک مانگدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى هەولێر بکەن.
چوارەم: بنكهكانى بهرگریى شارستانى پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن.
پێنجەم: لیژنەکانى (قایمقامیەت، شارەوانى، بەرگریى شارستانى و نەوت و کانزاکانى هەولێر) چاودێرى هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەو سیستمەیان بۆ دانراوە.
شەشەم: بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى هەولێر چاودێرى ئەو بەنزینخانانە دەکات کە سیستمى غازی ئێڵ پی جییان بۆ ئۆتۆمبێل داناوە؛ دەبێت خاوەنى بەنزینخانانەکانیش لەماوەى دوو هەفتەدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتیى ئاماژەپێکراو بکەن بۆ وەرگرتنى رێنمایی نوێ.
حەوتەم: دانانى لیژنهیهك بۆ پێداچوونەوە و دانانى مەرجى زانستى لەنزیکترین کاتدا.
هەشتەم: پارێزگاى هەولێر لەڕێگەى کۆلێژى ئەندازیاریى زانکۆى سەڵاحەدین کۆنفرانسێکى زانستى تایبەت بەسیستەمی غازی ئێڵ پی جی و شۆفاژ و دوورخستنەوە مەترسییەکانى لەسەر گیانى هاونیشتیمانیان رێکدەخات.
نۆیەم: دەرچوواندنى چەند فەرمانێک لەنزیکترین کات بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەى سیستمی غازى ئێڵ پی جی و شۆڤاژ.
ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو، بەهۆی تەقینەوەی سیستمێکی شۆفاژ، خانوویەکی سێ نهۆمی لە سلێمانی رووخا و بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 12ی دیکە برینداربوون، ئەو رووداوەش نیگەرانی لای ئەو کەسانە دروستکردووە کە ئەو سیستمە بەکاردەهێنن.
زیاتر لە 18 ساڵە سیستەمی شۆفاژ و غازی LPG لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێدراوە؛ لە هەولێر 15 کۆمپانیا و لە سلێمانی 33 کۆمپانیا مۆڵەتی دانانی سیستمی شۆفاژیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ