بەسەرهاتی دوو خێزانی پەنابەر کە بوونەتە قوربانی رووداوەکانی هاتووچۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەك پەنابەرى رۆژئاواى كوردستان كە نیشتەجێى كەمپەكانى سنوورى پارێزگاى دهۆكن، بەهۆى رووداوەكانى هاتوچۆوە لە سنوورى ئەو پارێزگایە بوونەتە قوربانى و ژیانى ئەو خێزانانە لە دۆخێكى خراپدایە. 
 
حەیات شێخ مووس پەنابەرێكى رۆژئاواى كوردستانە و ماوەی ساڵێکە لە هەرێمى كوردستانە و 7 منداڵی هەیە کە سێیان ئۆتیزمیان هەیە. 
 
کوڕە گەورەکەی کە ناوی حەیدەرە تەمەنی 20 ساڵان بوو و ئۆتیزمی هەبوو، مانگى یەكى ئەمساڵ لە نزیك کەمپى بەردەڕەش لە رووداوێكى هاتووچۆدا کەوتە نێوان دوو ئۆتۆمبێل و گیانی لەدەستدا. هەروەها لە رووداوێکی دیکەشدا هاوژینى حەیات شێخ مووس بریندار بوو و ناتوانێت هیچ كارێك بكات و ئێستا ژیانیان لەسەر یارمەتیی خێرخوازانە. 
 
حەیات شێخ موس لەبارەی رووداوی گیانلەدەستدانی منداڵەکەیەوە دەڵێت، "مامیان نەیهێشت تەرمەكەشى ببینم، چونكە شێواو بوو. سێ منداڵم هەیە، یەكێكیان بە رووداوى هاتووچۆ گیانى لەدەستدا، یەكێكیش لە بەیانیەوە ونبووە و هیچ هەواڵێكى نییە، ئەوەی دیكەشیان لە ماڵەوەیە. باوكیان ساڵێكە تووشى رووداوێكى هاتووچۆ بووە و هیچ كارێكى پێناكرێت، هیوادارین خێرخوازان یارمەتیمان بدەن".
 
بنەماڵەی ئەبوو زورۆ یەكێكى دیكەن لەو خێزانانەى كە لە دێركى حەمكۆى رۆژئاواى كوردستانەوە لە ساڵى 2004ەوە لە هەرێمى كوردستان دەژین. ئەوانیش لە رووداوێكى هاتووچۆدا لەسەر رێگەى كەمپى باجت كەندال لە سنوورى پارێزگاى دهۆك تووشى رووداوێكى هاتووچۆ بوون، خۆى و خەسوو و كەسێكى دیكەى خێزانەكەیان لە رووداوەكە گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەى گووتەى ئەم ماڵباتە، "ئەو شوفێرەى كە رووداوەكەى ئەنجامداوە تاوەکو ئێستا نەهاتووەتەوە لایان".  
  
سەلیما نوورى، ئەندامێکی ئەو خێزانە دەڵێت، "بەردەوام دەگریم، تووشى خەمێكى گران بووم، خەوم نییە، كە چاوم دەكەمەوە باوەڕ ناكەم ئەوە بەسەرماندا هاتووە، زۆر قورسە سێ كەس لە یەك ماڵدا بەیەكجار بڕۆن، خەمى دایكم بخۆم، خەمى باوكم بخۆم، یان خەمى هاوژینەكەم، بە راستى نازانم چیبكەم".
 
بە گوێرەى ئامارەكانى بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆى دهۆك، لە سەرەتاى ساڵى 2021 تاوەكو كۆتایی مانگى 10، 996 كەس بە رووداوى هاتووچۆ برینداربوون و 87 كەسیش گیانى لەدەستداوە.