بەرەی یەکگرتووی کورد: هاوڕای قسەکانی نێچیرڤان بارزانیین

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرەی یەکگرتووی کورد لە کاردانەوەیدا بۆ گوتارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێدان ماف بە کورد لەلایەن دەسەڵاتەکانی فارس، تورک و عەرەبەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پێداگری لەسەر ئەو شێوازە چارەسەرییەی پرسی کورد دەکات، کە نێچیرڤان بارزانی باسی کردووە.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد، کە تەنیا رێکخراوی سیاسیی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە پەیامێکدا پشتیوانی لە گوتاری نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی نێوڕاست لە دهۆک دەکات، کە پێداگریی لەسەر چارەسەریی کێشەی کورد لەلایەن حکومەتەکانی ئێران، تورکیا و سووریا کرد.
 
لە پەیامەکەی بەرەی یەکگرتووی کورددا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چوار نەتەوەی تورک، فارس، عەڕەب و کورد، زۆرترین ژمارەیان هەیە، بەڵام تەنیا نەتەوەی کوردە، کە بەهۆی دابەشبوونی بەسەر چوار وڵاتدا نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی. 
 
بەرەی یەکگرتووی کورد باس لەوە دەکات، کە گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی نیشانەی ئەزموونی سیاسیی ئەوە و دەڵێت: "گوتارەکەی چەند رۆژ لەمەبەری نێچیرڤان بارزانی، کە داوای چارەسەریی کێشەی کورد لە لایەن حکومەتەکانەوە دەکات، نیشانەی واقعبینی و بەرهەمی چەندین دەیە ئەزموونی سیاسییە، بەرەی یەکگرتووی کورد وەکوو بزووتنەوەیەکی سیاسی کە هەموو هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی دادپەروەری و گەشەپێدان و دیموکڕاسییە، سەرەڕای پشتیوانی لە گوتارەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، تەنیا رێکاری گونجاو بۆ چارەسەریی پرسی کورد، نەک لە رێی شەڕ و بەرەنگاربوونەوە و سەرکوتکردنی دەنگی بەرامبەر، بەڵکوو لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندن و ئاشتەوایی دەزانێت، کە ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی بە فەرمی ناسینی مافی کورد و رەخساندنی بوارێکی گونجاو، کە کوردیش بۆ ئاوەدانی و گەشەپێدان و بەرزڕاگرتنی ئەم موڵک و گەلە هەوڵ بدات".
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 16-11-2021 لە گوتارێکیدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک، گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "ئەگەر سەیرێکی دۆخی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیاش سەبارەت بە پرسی کورد بکەین، دووبارە ئەوە پرسێکی ناوخۆیی هەر یەک لەو وڵاتانەیە. پێویستە  هەر یەک لەو وڵاتانە لە چوارچێوەی سنووری خۆیدا چارەسەرکردنی کێشەکە بە ئەهمیەتەوە وەربگرێت".