وەرزی سەرما خواست لەسەر قازی قەرس زیاد دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما خواردنی قاز بە دەستووری قەرسی باکووری کوردستان، خواستی زۆری لەسەرە.
 
کابانەکانی قەرس چەند شێوازێکی تایبەتی خۆیان لە ئامادەکردنی قازدا هەیە. جۆرێکیان قازی هەڵواسراوی تەندووری پێدەگوترێت، کە مەرجە ئەو رۆنەی لە گۆشت قازەوە دەتکێتە خوارەوە، بکەوێتە نێو ساوەری ئامادەکراوەوە.  
 
بەشێکی زۆر لە گوندنشینانی قەرس داهاتیان لەسەر بەخێوکردنی قازە. مستەفا چوبووک، بەخێوکاری قاز دەڵێت:
"بەهۆی ئەوەی لەم ناوچەیەدا بەخێوکردنی قاز یەکێکە لە باشترین کارەکان، بڕیارمدا دەست بە بەخێوکردنی بکەم. ئەگەر بەراوردێک لەنێوان ئاژەڵانی دیکە و قاز بکەیت، دەبینیت قاز زۆر بەرهەمدارترە".
  
لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی قاز لە قەرسی باکووری کوردستان نرخی کیلۆیەک گۆشتی قاز بە 50-60 لیرەیە، کە دەکاتە نزیکەی 7-8 دۆلار. بەخێوکردنی قاز جگە لەوەی قازانجی هەیە، لای خەڵکی قەرس، وەکو نەریتێک سەیردەکرێت.
 
ساڵانە لە وەرزی زستاندا ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیاوە بۆ خواردنی قاز سەردانی قەرس دەکەن. قازی تەندوور، پەتاتە، ماست، ساوەر و نانی ئۆرگانیک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی خوانی زستانەی قەرسن.