نرخى کورسیی دهۆک گرانترین و هەڵەبجە هەرزانترینە

21-10-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە گوێرەى دەنگی دروستى هەریەک لە بازنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، گرانترین نرخى کورسی بۆ بوون بە پەرلەمانتار لە سنوورى دهۆک بووە، کە زیاتر لە 22 هەزار دەنگ و هەرزانترینیان لە هەڵەبجە بووە، کە نزیکەى 17 هەزار دەنگە. 
 
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بۆ دیاریکردنى نرخى کورسی لە بازنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دەنگى دروستى دەنگدەران جگە لە دەنگى بەربژێرى کۆتاکان، دابەشى ژمارەى کورسییەکانى هەریەک لەو بازنانە دەکرێت، بۆ ئەوەى ئەو دەنگە دیاری بکرێت، کە دەکرێتە پێوەر بۆ بەدەستهێنانى کورسی.  
 
لە بازنەى سلێمانى تێکڕاى دەنگى راستەقینەى بەربژێر و لایەنەکان جگە لە کۆتاى کریستیان و تورکمان 611 هەزار و 209 دەنگ بووە و رێژەى بەشدارى لە هەڵبژاردندا 65% بووە. 
 
بەوپێیە کە ژمارى کورسی گشتى بازنەى سلێمانی 36 کورسییە، نرخى کورسى ئەو بازنەیە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان 16 هەزار و 978 دەنگە.
 
دەنگى دروست لە بازنەى هەڵەبجە 38 هەزار و 936 دەنگ بووە لەکاتێکدا رێژەى بەشدارى دەنگدان 69% بووە.
 
ئەو بازنەیە سێ کورسی هەیە بەو پێیە نرخى کورسییەکانى بۆ پەرلەمانى کوردستان، پێویستى بە 12 هەزار و 978 دەنگە.
 
لە بازنەى هەولێر دەنگى دروست جگە لە کۆتای کریستیان و تورکمان 649 هەزار و 918 دەنگ بووە، رێژەى بەشداریش گەیشتووەتە 72%، بەوپێیەى پشکى شارەکە 34 کورسییە، نرخى کورسی 20 هەزار و 309 دەنگە.
 
لە بازنەى دهۆک 538 هەزار و 756 دەنگى دروست، جگە لە دەنگى بەربژێرانى کۆتاى کریستیان تۆمار کراون، لەکاتێکدا زۆرترین رێژەى بەشداریى لەو بازنەیە بووە، کە 78% بوو.
 
بەوپێیەى بازنەى پشکى دهۆک 24 کورسییە بۆ پەرلەمانى کوردستان، نرخى کورسی لەو بازنەیە دەگاتە 22 هەزار و 448 دەنگ. 
 
 
نرخی کورسیی پەرلەمان بەگوێرەی بازنەکان 
 
دهۆک 
22,448 دەنگ 
 
هەولێر 
20,309 دەنگ 
 
سلێمانی 
16,978 دەنگ 
 
هەڵەبجە 
12,978 دەنگ 
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە