لە بەشێکی باکووری کوردستان بەفر باری

رووداو دیجیتاڵ

لە هەندێک پارێزگای باکووری کوردستان بەفر باریوە و ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما. 
 
نیوەشەوی رابردوو بارینی بەفر لە بەشێکی پارێزگاکانی ئاگری، وان و ئەردەخان دەستیپێکرد. بەیانیی ئەمڕۆش شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگای قەرسی لە باکووری کوردستان گرتەوە.
 
سەرەتا لە سنووری شاری دیگۆر لە قەرس بەفربارین دەستیپێکرد و ناوچە شاخاوییەکانی سپیپۆش کرد؛ دواتر بەشێکی دیکەی پارێزگاکەی گرتەوە و ئاژەڵداران ئاژەڵەکانیان بۆ ناوچە نزمەکان بردە خوارەوە.  
 
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی تورکیا دەڵێت، پلەی گەرما لە پارێزگای قەرس لە رۆژدا 6 پلەی سیلیزی و لە شەودا 4 پلەی سیلیزی دەبێت.
 
بەفربارینەکە ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان دروستکرد و شارەوانییەکانیش دەستیان بۆ پاککردنەوەی رێگەکان کردووە.