سیناریۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان

21-10-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دامەزراوەی پەی دەڵێت، ئەگەر یەکێتی و پارتی لە حکومەتدا نەبن، قەوارەی هەرێمی کوردستان "دەکەوێتە مەترسییەوە." بەرپرسی پێشووی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش دەڵێت، "لەوانەیە ئەمجارە پێکهێنانی حکومەت دوابکەوێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 21-10-2024، لە ستۆدیۆکانی تۆڕی میدیایی رووداو بە ئامادەبوونی سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان؛ ئیبراهیم عەزیز، مامۆستای زانکۆ؛ ئێڤار ئیبراهیم، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان؛ خەسرۆ گۆران، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و  هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تاوتوێی سیناریۆکانی پێکهێنانی 10یەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە دوێنێ یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، هەر یەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان 40 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 24 کورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سێ کورسی، رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی چوار کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان یەک کورسی و بەرەی گەل یەک کورسی بەدەستدەهێنن.
 
"یەکێتی و پارتی بەبێ لایەنەکانی دیکە ناچنە نێو حکومەتەوە"
 
ئیبراهیم عەزیز گوتی، پێنج سیناریۆی سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەیە، "یەکەم سیناریۆ بریتییە لە پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە جگە لە یەکێتی."
 
ئەو مامۆستای زانکۆیە لەبارەی سیناریۆکانی دیکەی پێکهێنانی حکومەت ئاماژەی دا، "دووەم سیناریۆ رێککەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتییە، هەروەها سێیەم سیناریۆش رێککەوتنی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەیە، جگە لە پارتی."
 
نەوەی نوێ کە بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان نزیکەی 15 کورسیی بەدەستدەهێنێت، دەتوانێت بۆ پێکهێنانی حکومەت هێزێکی یەکلاکەرەوە بێت لەنێوان پارتی و یەکێتی. ئیبراهیم عەزیز سەبارەت بە چوارەم و پێنجەم سیناریۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، "دەکرێت یەکێتی یان پارتی لەگەڵ نەوەی نوێ حکومەت پێکبهێنن."
 
 
ئەو مامۆستای زانکۆیە پێیوایە، پێکهێنانی حکومەت لەنێوان پارتی، یەکێتی و هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە سیناریۆیەکی بەهێزترە، "چونکە پارتی ناتوانێت بە تەنیا لەگەڵ یەکێتی بچێتە نێو حکومەتەوە، بەبێ متمانەیەک لە نێوانیاندا، بۆیە بوونی ئەو لایەنانە لە حکومەتدا پێویستە کە ئەگەر پارتی یان یەکێتی بە هەر هۆکارێک کشانەوە، حکومەت تێکنەدرێت."
 
"پارتی بەبێ یەکێتی بەربەستی بۆ دروست دەبێت"
 
ئێڤار ئیبراهیم گوتی، ئێستا پێکهێنانی حکومەت بابەتێکی قورسە، "بەڵام بە بۆچوونی من ئەو 30 کورسییە [کورسیی لایەنە براوەکان جیا لە یەکێتی و پارتی] وەکو ئۆپۆزیسیۆن بمێننەوە زۆر باشترە، هەم گوشارێک دەبن بۆ سەر دەسەڵات و هەم دەتوانن رۆڵێکی کاریگەریان هەبێت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا."
 
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەکرێت، "چونکە ئەگەر پارتی هەوڵبدات لەگەڵ هەر لایەنێکی دیکە جیا لە یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، سەرکەوتوو نابێت و بەربەستی بۆ دروست دەبێت."
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی لە رێگەی کۆتای ژنانەوە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە یەک کورسی دەباتەوە؛ ئێڤار ئیبراهیم دەڵێت، "ئێستا پارتی خاوەنی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لەو سنوورە."
 
پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی پێکهاتووە کە پێنج کورسی تایبەتە بە پێکهاتەکان. بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، 50+1 کورسی پێویستە کە هیچ کامە لە لایەنە سیاسییەکان بە تەنیا ئەو ژمارەیە کورسییەی بەدەستنەهێناوە.
 
"پارتی بەبێ یەکێتی لە حکومەتدا کێشەی نابێت"
 
ئەنجامە بەراییەکان دەرخەری ئەوەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان 40 کورسی پەرلەمانی بەدەستدەهێنێت. خەسرۆ گۆران ئاماژەی بەوە کرد، "پێدەچێت سێ کورسیی پێکهاتەکانیشمان لەگەڵ بێت، بۆ تەواوکردنی کورسییەکانی دیکەش بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەتوانین داوا لە کۆمەڵ، یەکگرتوو، گۆڕان یان لایەنەکانی دیکە [جگە لە یەکێتی] بکەین."
 
لەبارەی نەبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سیناریۆکەیدا، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتی، "بێگومان لایەنێکی بەهێز و خاوەن کورسیی زۆرمان لەگەڵ بێت، کاری حکومەت ئاسانترە."
 
گوتیشی، ئەگەر پارتی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، "لانیکەم لە حکومەتدا کێشەی بۆ دروست نابێت."
 
خەسرۆ گۆران باسی لەوە کرد، ئێستا جۆرێک لە گرژی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، بەتایبەتی لە نێوان یەکێتی و پارتی، "بۆیە پێموایە پێکهێنانی حکومەت ئەم جارە دوا بکەوێت، چونکە پارتی جگە لەو لایەنانەی کە کورسییەک، دوو کورسی یان سێ کورسییان هەیە، لەگەڵ هەر لایەنێکی دیکە داوای پێکهێنانی حکومەت بکات، مەرجی قورسیان دەبێت و لەوانەیە پارتی قبووڵیان نەکات."
 
بەرپرسی پێشووی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لەبارەی سیناریۆکانی دیکەی پێکهێنانی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، "سیناریۆیەکانی دیکە ئەوەن کە وەکو جاران پارتی و یەکێتی پێکەوە یان پێکەوە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە حکومەت پێکبهێنن."
 
"بەهێزترین سیناریۆ حکومەتی مام و برازایە"
 
هێمن ئەسکەندەر پێیوایە، پارتی حکومەتێکی "بنکەفراوانی پێکهاتوو لە 80 کورسی دەوێت، بۆ ئەوەی حکومەتەکە بە باشی کاری رۆژانەی خۆی بکات و پەرلەمانیش زۆر لێپرسینەوە لە حکومەت نەکات."
 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی تێڕوانینی یەکێتیش بۆ پێکهێنانی حکومەت گوتی، "حەزی لە حکومەتی دووقۆڵییە لەگەڵ پارتی بەبێ لایەنەکانی دیکە."
 
هاوکات لەبارەی تێڕوانینی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی دا، "تێڕوانینی شاسوار عەبدولواحید ئەوەیە کە یان دەبێ هێزی یەکەم بن، یان بەشداری لە حکومەتدا نەکەن، بۆیە نەوەی نوێ دووبارە وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەمێنێتەوە."
 
هێمن ئەسکەندەر وەکو بەهێزترین سیناریۆ بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سیناریۆی حکومەتی مام و برازایە [پارتی و یەکێتی]، راستە یەکێتی و پارتی لە بانگەشەدا قسەیان کرد و تووند بوون، بەڵام هەردوو لایەن بەشی ئەوە مافیان بە یەکدی داوە کە قسەی تووندیش بکەن."
 
"نەبوونی پارتی یان یەکێتی لە حکومەتدا بە واتای دروستبوونەوەی دوو ئیدارەییە"
 
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رای خۆی لەسەر سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە دەردەبڕێت، "ئەگەر بڕیار لە مانەوەی [قەبارەی سیاسی] حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، سێ سیناریۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت هەیە، پارتی و یەکێتی، پارتی و یەکێتی، پارتی و یەکێتی؛ هیچ کامەیان بێ ئەو لایەنەی دیکە ناتوانێت حکومەتێکی یەکگرتوو پێکبهێنێت."
 
 
سەروەر عەبدولڕەحمان باس لەوە دەکات، "سیناریۆی دوو ئیدارەییش هەیە، کە ئەمە بە مەترسی و پاشەکشەی دۆزی ورد دەبینم. لەوانەیە جۆرێک لە تێڕوانینێک هەبێت لەلایەن دراوسێکان بە ناوی دۆستەوە، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی جگە لە پارتی، 50+1 کورسی کۆ بکەنەوە و حکومەت پێکبهێنن."
 
سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان زیاتر روونی دەکاتەوە، لە رووی یاساییەوە کۆکردنەوەی 50+1ـی کورسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە لایەن یەکێتی و حیزبەکانی دیکەوە تەواوە، "بەڵام لە رووی واقیعەوە، گرفتی هەیە و هۆکارێک دەبێت بۆ پێکهێنانی دوو هەرێم کە قەبارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە و لەوانەیە وەکو هەرێمێکی فیدراڵی نەمێنێت."
 
لە خولی رابردوودا پەرلەمان خاوەنی 111 کورسی بوو کە 11ـیان بۆ کۆتا بوون و 100 کورسییەکەی دیکە گشتی بوون. لەم خولەدا ژمارەی کورسییەکان بۆ 100 کورسی کەمکراوەتەوە کە 5ـیان بۆ کۆتاکانن.
 
بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی کوردستان کرابووە 4 بازنە؛ بازنەی هەولێر، بازنەی سلێمانی، بازنەی دهۆک و بازنەی هەڵەبجە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە