دوو کەس لە کرماشان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.
 
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ لە رێگەی سەرەکیی نێوان هەرسین - کرماشان روویدا.
 
ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید لە رێرەوی خۆی دەرچوو و وەڕگەڕا و بەو هۆیەوە هاونیشتیمانییەک دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
 
هەر لە رووداوەکەدا هاونیشتمانییەکی دیکە برینداربوو و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی 16-09-2024، بێهتاش خانی ئاباد، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-08-2024 لە سنووری ئەو پارێزگایە 226 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 4 هەزار و 859 کەسیش بریندار بوون.