بانکی خوێن لە هەڵەبجە 'چوار ساڵە هێندەی ئێستا بێ خوێن نەبووە' و گرفتی بۆ نەخۆشانی تالاسیما دروستکردووە

21-10-2023
سازگار سەڵاح
بانکی خوێن لە هەڵەبجە. وێنە: رووداو
بانکی خوێن لە هەڵەبجە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەڵەبجە نەخۆشانی تالاسیما گرفتی نەبوونی خوێنیان هەیە، ئەمەش گرفتی لەسەر تەندروستییان دروست کردووە و سەنتەری تالاسیمای هەڵەبجەش دەڵێت، چوار ساڵە بانکەکانی خوێن هاوشێوەی ئێستا بێخوێن نەبووە.
 
کەمبوونەوەی خوێن کەسوکاری نەخۆشانی ناچارکردووە، داوا لە هاونیشتمانییان بکەن بچنە بانکی خوێن و خوێن ببەخشن، سەلام کاکەبرا باوکی محەممەدە و کوڕەکەی نەخۆشی تالاسیمایە، بە رووداوی گوت، "تاوەکو سەنتەرەکە[سەنتەری تالاسیما] لە هەڵەبجە نەبوو دەچووینە سلێمانی کاتێک وادەی وەرگرتنی خوێن نزیک دەبووەوە، ئێستا بەهۆی ئەم گرفتەوە ناچار دەبین بچینە سلێمانی چونکە ئەگەر ماوەی هەفتەیەک لە خوێن وەرگرتن دوابکەون تووشی گرفتی تەندروستی دەبن." 
 
محەممەد بەهۆی نەبوونی خوێنەوە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، بچنە بانکی خوێن و خوێن ببەخشن چونکە ئەوان لە سەنتەرەکانی تالاسیما پێویستییان بە خوێنە و هەندێک جار لەو سەنتەرە خوێن نامێنێ و چارەسەری ئەوانیش دوادەکەوێت. 
 
زيادغەفار، بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیما، لە هەڵەبجە دەڵێت، بانکی خوێن و سەنتەری تالاسيما ماوەی چوار ساڵە بەو شێوەی ئێستا بێ خوێن نەبووە. بۆیە هەڵمەتێکمان بۆ وەرگرتنی خوێن و چارەسەرکردنی گرفتەکە راگەیاندووە، بۆ نەخۆشانی تالاسیما مانگانە پێویستمان بە 60 بۆ 70 بووتڵ خوێن هەیە."
 
دوای بانگەوازێکی بەڕێوەبەرايەتیی تەندروستیی هەڵەبجە کە داوای بەخشی خوێنيان کردبوو هاونيشتيمانيان چوونەتە بانکی خوێنی هەڵەبجە و بڕیارییان داوە خوێن ببەخشن. 
 
خەليل عبدلرحمن، هاونيشتمانییەکە بەدەم بانگەوازەکەی تەندروستیی هەڵەبجەوە هاتووە و دەڵێت، "ئێمە بەدەم نەخۆشانی تالاسیماوە هاتووین، ئەرکی سەر شانمانە خوێنیان پێ ببەخشین، سێ بۆ چوار مانگ جارێک خوێن دەبەخشم، ئەگەر تەلەفۆنم بۆ بکەن، بەس تازە خوێنم نەبەخشیبێت لە هەرکوێیەک بم دەچم بە دەمییانەوە." 
 
ستار فايەق، هاونیشتمانییەکی دیکەیە بۆ خوێن بەخشین چووەتە بانکی خوێنی هەڵەبجە، دەڵێت، " کاتێک ئاگادارییەکەم بینی وتم دەبێت بچم خوێن ببەخشم، من وەکو پێشمەرگەیەکی کەمئەندامی سەنگەر پێم خۆشبوو لەم رێگەیەوە باری سەر شانی ئەوان سووکتر بکەم."
 
بانکی خوێنی هەڵەبجە، ساڵی 2017  کراوەتەوە، بەپێی گوتەی بەرپرسانی بانکەکە مانگانە پێويستی بە 300 بوتڵ خوێنە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

منداڵەکان دوای لەدایکبوونیان لەلایەن دایکەکانیانەوە جێدەهێڵدرێن.

دوو منداڵ لەلایەن دایکەکانیان لە نەخۆشخانەیەکی کەرکووک جێدەهێڵدرێن

دوو منداڵ لەدوای لەدایکبوونیان لە نەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکووک، لەلایەن دایکەکانیان جێدەهێڵدرێن و کارمەندانی تەندروستی کاری بەخێوکردنیان لەئەستۆ گرتووە.