ئاسمانی خەلیفان بووەتە شوێنی فڕینی یاریزانانی پاراگلایدەر

رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە یاریزانانی پاراگلایدەر لە ئاسمانی ناحیەی خەلیفانی قەزای سۆران توانای فڕینی خۆیان تاقیدەکەنەوە، لە گۆڕەپانێکی بناری چیای کۆڕەک دەستپێدەکەن و دواتر لە گۆڕەپانێکی دیکە دەنیشنەوە. ئیدارەی قەزای خەلیفانیش دەیەوێت لەو رێگەیەوە ناوبانگی سنوورەکە بباتە ئاستێکی باڵاتر.
 
عەلی ئەرگۆشی، سەرۆکی یەکێتیی ئاسمانی کوردستان بە رووداوی گوت، ئێرەمان هەڵبژارد کە بیکەینە ناوەندی باوەڕپێکراوی فای[ فیدراسیۆنی وەرزشیی ئاسمانی جیهانی]، لەمەودوا ئێرە یەکەم شوێنە لە ئاستی کوردستان و عێراق بۆ بەخشینی بڕوانامەی فای بە یاریزانان."
 
لە رابردوودا، دوو تاوەکو سێ پاڵەوانێتی پاراگلایدەر لەو شوێنە ئەنجامدراون، ئیدارەی قەزای خەلیفانیش لەم رێگەیەوە دەیەوێت بە کار ئاسانی کردن بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانیێتییەکە، زیاتر ناوبانگی سنوورەکە بباتە ئاستێکی باڵاتر. 
 
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزاکە لەسەر کارئاسانیکردن بۆ ئەو یارییە بە رووداوی گوت، "قەزای خەلیفان بە گشتی چەند ناوچەیەکی سەرنجراکێشی گەشتیاری هەیە کە گەشتیاران رووی لێدەکەن بەڵام لەرووی گەشتیاری وەرزشیشەوە ئێمە دەتوانین پەرەی پێبدەین کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت و دەتوانرێت بکرێتە هۆکاری زیاتر راکێشانی گەشتیاران."
 
یارییەکە لەگەڵ ئەوەی بۆ بەشێک چێژە، بەشێکی دیکەی سەرکێشییە، یاریزانان توانای فڕینیان لە بەرزی نزیکەی دوو هەزار مەتر تاقی دەکردەوە. شارەزای کەشوهەوای ناوچەکە و هەڵکەوتە جوگرافییەکەی بوون بۆیە بەبێ ترس نمایش و سەرکێشییەکانی خۆیان دەکرد. 
 
بەڕێز، یاریزانێکی ئەو یارییەیە دەڵێت، "ئەوەی من ئەزموونم لێی کردووە و شارەزام و بە قسەی کاپتنەکانیش کەسێک سەرەتا کە بیەوێت فێری فرین ببێت، ئێرە شوێنێکی زۆر گونجاوە و بۆ پۆینت پێکانیش زۆر گونجاوە، پێشتریش پاڵەوانیێتی لێرە ئەنجامدراون کە عێراق تێیدا یەکەم بوو."
 
هەرێمی کوردستان خاوەنی نۆ یانەی وەرزشی پەرەگلایدەرە، رۆژ بە رۆژ ئارەزوومەندانی ئەو وەرزشە روو لە زیادبوونن