لە کەرکووک دوو کەس بە چەقۆ کوژران
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە دوو کاتی جیاواز و دوو شوێنی جیاوازی کەرکووک دوو کەس بە چەقۆ کوژران.
موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوی یەکەم لەنێو بازاڕی تەپە روویداوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMW کە دوو کەسی تێدابوونە هەڵیانکوتاوەتە سەر دوکاندارێک کە لەدایکبووی 1981بووە و بە چەقۆ برینداریان کردووە، بەڵام بەر لەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتیشی، "هەر ئەمڕۆ لەبازاڕی خان خورما لەئەنجامی دەمەقاڵێی نێوان دوو کەس شەڕ دروست بووە و یەکێکیان بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر لایەنی بەرامبەر لەنێو دوکانێکی بازاڕەکە بەهۆیەوە پیاوێک کە لەدایکبووی 1968ـە و کوردە گیانی لەدەستداوە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک راشیگەیاند، "تائێستا بکوژەکان دەستگیر نەکراون، بەڵام ناسراون و ناسنامەیان لای هێزە ئەمنییەکان روونە، هەر بۆیە فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک لیژنەیەکی لەهێزەکانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری رێکاری ئەمنی."