کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ رووداو: 330 بەربژێر دوورخراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

330 بەربژێر بە هۆکاری جیاواز لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دووردەخرێنەوە؛ هەفتەی یەکەمی مانگی داهاتووش ناوی بەربژێرەکان پەسند دەکرێت و دواتر دەست بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت. 
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 21-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 330 بەربژێر بە هۆکاری جیاواز لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوورخراونەتەوە. هۆکارەکانی دوورخستنەوەیان بەم شێوەیە بووە: 197 لێپرسینەوە و دادپەروەری (پەیوەندی بە بەعسیبوونەوە هەیە)، 102 دۆسیەی تاوان، 10 کارمەندی ئاسایشی نیشتمانی، 1 تیرۆر، 1 دەستپاکی و 19 تەواونەبوونی مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن".
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەو کەسانەی دوورخراونەتەوە، خەڵکی پارێزگانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدینییان تێدایە؟ سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "بەڵێ، بەربژێری دوورخراوەی ئەو ناوچانەی تێدایە"، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ ناوێک ئاشکرابکات و گوتی، "رەنگە بەشێکیان لە دادگە تانە پێشکێش بکەن و بگەڕێنەوە".  
 
بڕیارە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. بەگوتەی عیماد جەمیل، پەسندکردنی ناوی بەربژێرەکان لە یەکەم هەفتەی مانگی داهاتوو و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە هەمان هەفتەدا دەستپێدەکات، گوتیشی "دوای پەسندکردنی بەربژێرەکان، هەڵمەتی بانگەشە بە رۆژێک یان دوو رۆژ دەستپێدەکات".
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامار و داتای ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی خستەڕوو، کە 7166 ناوەندی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگەن؛ 565 ناوەند و 2367 وێستگە بۆ دەنگدانی تایبەت دەکرێنەوە بۆ هەموو هێزە ئەمنییەکان.
 
سەبارەت بە دەنگدانی ئاوارەکان و چۆنییەتی دەنگدانیان، عیماد جەمیل گوتی، "ژمارەی ئاوارەکان لە 120 هەزارەوە بۆ 40 هەزار کەمبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان؛ 34 ناوەندی دەنگدان و 120 وێستگەیان بۆ دەکرێتەوە کە لە هەرێمی کوردستانن و زۆربەیان لە دهۆک و هەولێرن، ئەوەش لەکاتێکدایە کۆی گشتی ناوەندەکانی دەنگدانی گشتی و تایبەت 7 هەزار و 765 ناوەند و 38 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان دەبن".