رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 163 پارچە زەوی بۆ ماڵەكانی هەردوو باڵەخانەی (لیوا رەشەكە و جەمەلۆنەكە) لە شاری كەلار تەرخانبکات، نوێنەری ئەو ماڵانەش داوا دەکات شوێنێکی "باش"یان پێبدرێت و دەشڵێت: "دوای بەرنامەیەکی رووداو راستەوخۆ ئەنجوومەنی وەزیران پەیوەندییان پێوە کردم".
رۆژی هەینی 21-10-2022، دلێر هیدایەت، نوێنەری دانیشتووانی لیوا رەشەکەی کەلار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو لەسەر کێشەکانمان، لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەیوەندیمان پێوەکرا؛ بۆیە رووداو رۆڵی سەرەکیی بینی بۆ بڕیاری پێدانی زەوی پێمان و هێنانە سەرهێڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ پێنج ساڵە کار بۆ وەرگرتنی زەوی دەکەین بەقەدەر ئەو بەرنامەیەی رووداو کاریگەری نەبوو".
ماڵەکانی نێو لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکەی کەلار 163 ماڵن، کە 150 ماڵیان لەنێو بینای (لیوا رەشەکەن)، دلێر هیدایەت نوێنەری ماڵەکانی لیوا رەشەکەیە، گوتی: "هەروەکو لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا ئاماژەی پێکراوە داواکارین شوێنێکی باشمان بۆ تەرخانبکرێت؛ خەڵکی ئێرە هەژار و کەمدەرامەتن و ناتوانن زەوی بکەنە خانوو، ئەگەر شوێنەکەی باشبێ لە کەلار زەوی لە خانوو گرانترە و دەتوانین بیفرۆشینەوە و خانووی پێبکڕین".
چەند ماڵێک لەنێو لیوا رەشەکە ناڕەزاییان لە دوورخستنەوەیان لە شوێنی ئێستایان دەربڕیوە و وەرگرتنی زەوییان رەتکردووەتەوە، بەگوتەی دلێر هیدایەت: "ئەو ماڵانە ناگەنە 10 ماڵ، ئەوان ئێستا شوێنەکانیان زۆر باشە؛ هەروەها لێرە کەس پارەی ئاو و کارەبا نادات، ئەوانیش شوێنیان باشە و پارەی ئاو و کارەباش نادەن بێگومان پێیان خۆش نییە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن".
تاوەکو ئێستا بەفەرمی شوێنی زەوییەکان دیارینەکراوە، دلێر هیدایەت باسی لەوە کرد، سەرۆکی شارەوانیی کەلار گوتوویەتی، لەودیوی شەقامی پشتێنەیی کەلار زەوییان پێدەدەن. گوتیشی: "ئەو شوێنە تائێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە؛ بۆیە هیوادارین لەوێ نەبێت و لەنێو شاردا زەوییمان پێبدرێت".
رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2022 ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە "بەمەبەستی قەرەبووكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە تەرخانكردنی 163 پارچە زەوی بۆ ماڵەكانی هەردوو بینای (لیوا رەشەكە و جەمەلۆنەكە) لە شاری كەلار؛ ئەو ماڵانە شوێنەكەیان بۆ نیشتەجێبوون گونجاو نییە و مەترسیی رووخان و بوومەلەرزەیان لەسەرە".
دانیشتوانی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکەی کەلار، لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ـەوە لەو شوێنانە نیشتەجێبوون کە لە بنەڕەتدا شوێنی حکومین و چەندینجار داوایان کردووە قەرەبوو بکرێنەوە بۆ جێهێشتنی شوێنەکان و گوتوویانە شوێنەکانیان شیاوی ژیان نییە.
رۆژی 27-6-2022، بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات تایبەت بوو بە کێشەی ئەو هاونیشتمانییانەی لەو دوو شوێنەی کەلاردا دەژین.
لە بەرنامەکەدا ئەندازیار ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار گوتی: "ژیانی خێزانەکان زۆر خراپە، خێزان هەیە لە 50 مەتردا دەژی و ناتوانێت خانووەکەی فراوان بکات، لەکاتی کارەساتە سرووشتییەکان ترسمان لە کارەساتی مرۆیی هەبوو رووبدات، چونکە شوێنی نیشتەجێبوونەکە زۆر خراپە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ