رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەبارەی هەندێک بابەت قسەیان کردووە و گرنگترینیان ئەوەبووە کە داوایانکردووە حکومەتی ئەو وڵاتەش هاوشێوەی حکومەتی ئێران ڤیزە هەڵبگرێت.
ئەمڕۆ هەینی 21-10-2022، یەکەمین رۆژی لووتکەی بازرگانیی عێراق و تورکیا لە مێرسین بەڕێوەچوو. لووتکەکە ماوەی دوو رۆژ دەخایێنێت. ئامانج لە لووتکەکە پێشخستنی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتە. لە هەرێمی کوردستان وەزیرانی بازرگانی و کشتوکاڵ و بەرپرسانی ژووری بازرگانی و پارێزگارەکان بەشدارن.
عێراق یەکێک لە بازاڕە گەورەکان بۆ تورکیا و ساڵانە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێویاندا هەیە، بەڵام دوو وڵات ئامانجیانە قەبارەی بازرگانی نێوانیان بۆ 20 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.
لەمیانی بەڕێوەچوونی لووتکەکەدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ئیڤێنت و کۆبوونەوانە گرنگن لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی هاوبەش دروست دەبێت، دیاریکردنی کێشە و ئاڵنگارییەکان دێتە پێشەوە؛ هەردوولا مەبەستیانە ئەو پەیوەندیانە بەهێز و پتەو و فراوان بکەن."
بە گوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئەوان وەک پارێزگای سلێمانی بەشداریان کردووە "بۆ ئەوەی دنیابینیی پارێزگاکەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیاری و سێکتەرەکانی دیکە باس بکەین کە ئێستا ئەو بوارانە لەگەڵ تورکیادا زۆر گەشەیان کردووە."
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لە کۆڕبەندەکەدا کۆمەڵێک خاڵیان خستەڕوو؛ "گرنگترینیان ئەوەبوو داوامانکرد کە دەوڵەتی تورکیا هاوشێوەی عێراق لەگەڵ ئێران، رسوماتی ڤیزە و پێدانی ڤیزە بۆ هاووڵاتییانی هەردوو وڵات هەڵبگرێت، بە تایبەت کە دەوڵەتی ئێرانیش ئەو پلانەی جێبەجێ کردووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ لایەنی تورکی باسیان لە کێشەی ئاویش کردووە، "چونکە وەکو عێراق و هەرێمی کوردستان کێشەیەکی گەورەمان هەیە، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی ژینگە و کەمبوونەوەی ئاوەوە."
رۆژی 17-10-2022 کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لەسەر زاری عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەکە بڵاویکردەوە کە ئێران بڕیاریداوە ڤیزە لەسەر هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت و گوتیشی، لە ئەمڕۆ 17-10-2022ەوە بڕیارەکە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان خرایە واری جێبەجێکردنەوە.
هەمان رۆژ هاوکات عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بە رووداوی گوت: "ئەو بڕیارە تەنیا ئەو گەشتیارانە دەگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانەکان گەشت دەکەن و لە رێگەی زەوینییەوە هێشتا ڤیزا هەڵنەگیراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ