رووداو - سلێمانی
بە دروشمی یەکڕیزی نەک لێکترازان، ژمارەیەک لە چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی بواری ئاشتەوایی و مافی مرۆڤ و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و ژمارەیەک لە چالاکڤانانی سیاسی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی کامپەینێکیان راگەیاند.
بەگوتەی سەرپەرشتیارانی کامپەینەکە، دوای کۆبوونەوەیەک ئەو چالاکڤانانە بڕیاریان داوە کامپەینێک بۆ رێگریکردن لە لێکترازان رابگەیێنن، بەمەبەستی هاندانی لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکڕیزی نیشتمانی.
دەقی پەیامەکە
یەکڕیزی نەک لێکترازان
لەو ساتانەی خەڵکی کوردستان لە خەونی بەدیهێنانی خواست و مافەکانیان بوون، لەو ساتانەی هەموومان بیرمان لە داهاتوویەکی گەش و خۆشگوزەرانی و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی دەکردەوە، لەو ساتانەی کە زۆرینەی هێزە سیاسییەکان جۆرێک لە هاودەنگی و کۆدەنگیان نواند بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان، لەو کاتەدا شەڕێکی قورس و نابەرابەر یەکخەی خەڵک و خاکی کوردستانی گرت.
بەداخەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پاش بەخشینی دەیان شەهیدو بریندار، تووشی نسکۆیەک بوو، نسکۆیەک کە هەرگیز بیرمان لێی نەکردبووەوە، خۆمان بۆ ئامادە نەکردبوو، ئەم نسکۆیە گەرچی بەرامبەر هێزێکی زەبەلاحی پڕ چەکی مۆدێرێنی دەرەکی بووبێت، کەچی لە لێکەوتەکانیدا خەریکە پریشکی ئاگرەکەی دێتەوە ناو ماڵی کوردستانیان دەیەوێت خەرمانی خوێنبەخشینی دەیان ساڵە بسووتێنێت.
وا خەریکە دەنگی دەهۆڵەکانی دووبەرەکی بەرز دەبنەوە، وا خەریکە بانگەشەی تێکدانی یەکڕیزی دەگاتە گوێمان، ئەمانە تەنها قسە نین بەڵکو راستین و روودەدەن، کە روویاندا شەڕی ناوخۆش ماڵی هەموومان وێران دەکات.
ئێستا کاتی دادگاییکردنی هیچ کەس و لایەنێک نییە، کاتی باس و خواس و تۆمەتبارکردنی یەکتری نییە.
گەر سەرکەوتن روویبدابووایە خاوەنی زۆر بوو، بەڵام کە بووە نسکۆ هەریەک لەخۆی دووردەخاتەوەو دەیخاتە باوەشی ئەوەی تر، بۆیە ئەرکی هەموو کوردستانیانە لە دەرەوە یان ناوەوەی کوردستان کار بکەن بۆ رێگری لەم بانگەشەی دووبەرەکییە، رێگری بکەن لە هەموو وتار و کارێکی ئاراستەکراو بۆ تێکدانی یەکڕیزی.
ئەرکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی مەدەنی و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤە، کە لە تۆڕەکانی سۆسیال میدیا چالاکی بنوێنن و پەیامی کورت کاریگەر دژی تێکدانی یەکڕیزی و بەرەنگاری لێکترازان و شەڕی ناوخۆیی بنووسن، چالاکییەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئاشتی و دژایەتی رق و کینە.
چالاکی جۆراوجۆر لە کەناڵەکانی میدیا ئەنجام بدرێت و داوای پتەوکردنی یەکڕیزی بکرێت، هونەرمەندان چالاکی هونەری دژ بە پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و یەکتر سڕینەوە ئامادە بکەن.
رۆژنامەنووسان و میدیاکاران کاربکەن بۆ ئاشتی و پاراستنی رۆحیەتی یەکترقبووڵکردن و رێزگرتن لە جیاوازییەکان و گەڕان بەدوای خاڵە هاوبەشەکاندا.
رێکخراوەکان ئارم و لۆگۆ و ئاڵای پاراستنی ئاشتی و ئارامی هەڵبواسن و کار بۆ چەسپاندنی بکەن، گرووپی هەمەڕەنگ پێکبهێنن و بچنە ناو جەماوەر لە شارو شارۆچکەکان تاوەکو هانیان بدەین رێگری لە دووبەرەکی بکەن، لەگەڵ ئەمانەشدا داوا لە تەواوی کوردستانیان دەکەین کە پشتیوان و بەشدای ئەو هەوڵە مەدەنی و ئاشتیخوازانەیەمان بن، پەیام و دروشمکەکانی ئەو هەڵمەتە بکەن بە پەیامی خۆیان و کاری بۆ بکەن و دادکۆی لێبکەن.
نا بۆ پەرتەوازەیی
نا بۆ لێکترازان
نەفرەت لە شەڕ و ئاشوب
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و هونەرمەدان لە شاری سلێمانی
21-10-2017
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ