سبەی یەکەم رۆژی پاییزە و پێشبینی نمەباران لە چەند ناوچەیەک دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ نمەباران و تاوەباران ببارێت، بەتایبەت لە پاریزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.
 
لەبارەی سلێمانی و هەڵەبجەوە کەشناسی دەڵێت، ئاسمان پەڵەهەور دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەمڕۆ پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە پلەی تۆمارکراوی دوێنێ".
 
چەند رۆژێک بەتایبەت لە شەواندا کەشوهەوا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و فێنک بووە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "سبەی یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە و ئیدی کەشەکە فێنکتر دەبێت، بەتایبەت لە شەواندا".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کەشوهەوای سبەی کردووە و رایگەیاندووە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک نمەباران ببارێت.
 
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 35 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 34 پلەی سیلیزی
دهۆک: 33 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 40 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 36 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 33 پلەی سیلیزی
سۆران: 31 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 22 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 41 پلەی سیلیزی