لە شرنەخ هەورەبرووسکە دوو کەسی کوشت و شەشی دیکەشی بریندار کرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای بارانی زۆر لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، هەورەبرووسکە لە چەند شوێنێکی دا و بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و شەشی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە رۆژی شەممە، 21-9-2024 لە گوندی میلانیاری سەر بە پارێزگای شرنەخ روویدا. دوای ئەوەی یەکەمین بارانی ساڵ لە ناوچەکەدا باری.
چەند هاونیشتمانییەک لەدوای تووندکردنی بارانەکە، چووبوونە ژێر درەختێک بۆ ئەوەی تەر نەبن. لەوکاتەدا هەورەبرووسکەیەک لە دارەکەی دا.
لەو رووداوەدا هەشت هاونیشتمانی بە ناوەکانی؛ سەلیم، رەمەزان، ئەبوبەکر ئاجەت، لالە، لەیلا، عەزیزە ئەردۆغان، ئەمین و سەڵاحەدین بەلدەک بریندار بوون.
دوای رووداوەکە هەواڵ بە تیمەکانی فریاکەوتن درا و دوای ماوەیەک ئەمبوڵانس گەیشت و بریندارانی گەیاندە نەخۆشخانەی گەورەی شرنەخ.
سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، لەیلا و لالە گیانیان لەدەستدا. هەروەها بەگوتەی پزیشکانی نەخۆشخانە، ئاجەت کە یەکێک لە بریندارانی دیکەیە، تەندروستیی ناجێگیرە.