کەمیی پڕۆژەی ئاودێری هەڕەشە لە هەنجیری شنگال دەکات؛ شەش هەزار دارهەنجیر وشکبوون

رووداو دیجیتاڵ 

هەنجیری شنگال بە تام و خۆشییەکەی نێوبانگی لەسەر ئاستی ناوچەکە و عێراق پەیداکردووە. بەڵام بەهۆی نەبوونی پڕۆژەی ئاودێرییەوە نزیکەی شەش هەزار دارهەنجیر وشکبوون. 
 
مام بەرکات باخەوانێکی هەنجیرە لە شنگال. شارەزاییەکی باشی لە هەنجیر و جۆرەکانیدا هەیە و زۆربەی تەمەنەکەی بە جووتیارییەوە بەسەر بردووە. هەنجیر بووەتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ بژێوی ژیانی خۆی و ماڵباتەکەی. 
 
بەرەکات حەمۆ، جووتیارە و دەڵێت: "ساڵانی پێشوو بەرهەمی هەنجیر زیاتر بوو. ساڵ بە ساڵ بەرهەمەکە کەمتر دەبێت. پێرار بەرهەمەکەی زۆر باش بوو. پار باش بوو. ئەم ساڵ کەمترە. ناتوانین بژێویی ژیانمان لەسەری دەربکەین. زۆر خراپ بووە. ئەگەر ئاو نەبێت [بەرهەم نابێت]. دار بە ئاو دەژیێت. ئەگەر ئاو نەبێت، دارەکە پێناگات. تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک هاوکاریی جووتیارانی نەکردووە." 
 
سێ ساڵی وشکەساڵی زیانیان بە جووتیاران گەیاندووە. بەهۆی نەبوونی پڕۆژەی ئاودێری، نزیکەی شەش هەزار دارهەنجیر وشکبوونە. ئەوان گلەیی لە حکومەت دەکەن کە لەگەڵیان هاوکار نییە. 
 
قاسم خدر، جووتیارە و دەڵێت: "چاومان لە بەزەیی خودا و ئەم دارهەنجیرانە بوو. ئەم دارانەش هەمووی بەهۆی بێئاوییەوە وشکبوون. ماڵباتێکی زۆر لەم گوندە بژێویی ژیانیان لەسەر ئەم دارانە بوو، ئەم دارانەش وشکبوون. لە هەنجیر، ترێ و هەنار هەمووی بەهۆی بێئاوییەوە وشکبوون." 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کشتوکاڵی سنوونێ، لە سنوورەکەیان نزیکەی 50 هەزار دارهەنجیر هەن و ساڵانە بەرهەمەکەیان دەگاتە 90 تۆن.