پێشبینی دەکرێت لە باکووری کوردستان باران ببارێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ شەممە 21ی ئەیلوول لە 70 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان باران ببارێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کەشە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما.
 
لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە 70 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لە 81 پارێزگاکە باران ببارێت.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بارانبارینەکە هەموو پارێزگاکانی باکووری کوردستان دەگرێتەوە و 2 رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
کەشناسیی تورکیا دەڵێت، بارانبارینەکە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما و بەو جۆرەش پلەی گەرما لە پارێزگاکانی تورکیا لەنێوان 24-28 پلەی سیلیزی دەبێت؛ لە پارێزگاکانی باکووری کوردستانیش پلەی گەرما لەنێوان 18-24 پلەی سیلیزی دەبێت. 
 
لە بەشی زۆری پارێزگاکانی باکووری کوردستان خێرایی با لەنێوان 80-90 کم دەبێت لە کاژێرێکدا. لە بەشێکی پارێزگاکانی تورکیا خێرایی با دەگاتە 65-80 کم لە کاژێرێکدا.