رووداو دیجیتاڵ
بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی، سبەی شاندێک لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی یەکشەممە، 22-09-2024، شاندەکە لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی کە ماون، هەروەها بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی هەشت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
رووداو زانیویەتی، رۆژی دووشەممەش شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و چەند بەرپرسێکی دارایی دیکە، سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی مووچە کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 21-09-2024، هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیستی مووچەی مانگی هەشتی خانەنشینانی مەدەنی بە هاوتاکراوی لە دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی دیکە رەوانەی بەغدا کراوە."
لەبارەی مووچەی مانگی ئەیلوولیش، هادی ئەکرەم گوتی: "ناردنی دوو مووچە پێکەوە ئەستەمە و ئەگەر بشنێردرێت، ئەوە دەکرێت لەسەر لیستی مووچەی مانگی هەشت مووچەی مانگی نۆش رەوانە بکرێت."
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتیان بە بڕێکی هاوتای مووچەی خانەنشینانی عێراق وەرگرت. هادی ئەکرەم گوتی: "بۆ مانگی هەشتیش مووچەی خانەنیشنان هاوشێوەی حەوت بە هاوتاکراوی دەبێت و جێگیر کراوە."
لەبارەی مووچەی خانەنشینانی سەربازی، هادی ئەکرەم گوتی: "تاوەکو ئێستا هاوتا نەکراوە و کێشەیان هەیە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، شاندێکی خانەنشینیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و بابەتەکە تاوتوێ دەکرێت."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ جێبەجێ نەکرا.
کێشەی مووچەی خانەنشینیی سەربازیی چییە کە هاوتا نەکراوە؟
هادی ئەکرەم دەڵێت، بەگوێرەی یاساکەی عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوون، کە زۆرینەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانن و ئەوانەی دوای ئەو ساڵە، جیاوازن.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەیان لە 200 هەزار تاوەکو 499 هەزار بێت، دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش (مینحە) وەردەگرن و دەبێتە 600 هەزار دینار.
بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، ئەوانەی مووچەیان لە 600 بۆ 999 هەزار دینارە، 100 هەزاری پاڵپشتیان بۆ زیاتر دەکرێت، ئەویش بەگوێرەی هاوتاکراوییەکە.
هادی ئەکرەم گوتی، ئەوانەی لە 2014وە خانەنشین بوون، زیاتر ئەوانەن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80ن و ئێستا چەند دەرماڵەیەکیان هەیە، لەوانە دەرماڵەی مەترسی، ژن و منداڵ و بڕوانامە. ئەم دەرماڵانە لە یاسای هاوتاکراویدا نییە و تەنیا دەرماڵەی بڕوانامە هەیە.
خانەنشینانی سەربازی تاوەکو پلەی نەقیب لە پاڵپشتیی مووچەی هاوتاکراو سوودمەند دەبن. لە پلەی رائید، موقەدەم و عەمید مووچەکەیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا مووچەی خانەنشینی پلەی نەقیب 999 هەزار دینارە و لە هاوتاکردندا 100 هەزاری پاڵپشتیی دەچێتە سەر، بەڵام پلەی رائید خانەنشینییەکەی نزیکەی ملیۆنێک و 180 هەزار دینارە و تاوەکو عەمید زیاتر دەبێت و لە هاوتاکردن سوودمەند نابن.
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بە ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ